بە دیمەن

لە ستراسبۆرگ بانگەواز لە کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی و دادگای مافەکانی مرۆڤ کرا: مەبنە هاوبەشی تاوانی

لە ستراسبۆرگ داخوازی سازشی دەوڵەتی تورک بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا و بانگەوازیان لە دامەزراوە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان کرا: "مەبنە هاوبەشی تاوانی گۆشەگیری".

گۆشەگیری ئیمراڵی شەرمەزارکرا

پاش لێدوانی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات کە گوتبووی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داوای سازش دەکات، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا.

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بە بەشداری ئەندامانی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی ستراسبۆرگ لە گۆڕەپانی ئازادی کە ١٣ ساڵە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەبرێت، ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای پەکەکە و پانکارتی "کەس ناتوانێت ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بکاتە بابەتی سەودا" هەڵگیرا. لەسەر ناوی دەکتەمی ستراسبۆرگ سیدار ئامەد ڕاگەیاندراوی خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خراوەتەسە گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە، پارێزەران و بنەماڵە ناتوانن چاویان پێ بکەوێت، هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە.

دەستبەجێ زانیاری دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوبکەنەوە

ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی ٢٠٢١ ـەوە بەشێوەیەکی سیستەماتیک سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەسەپێنرێت، بەم دواییانە بڕیاردرا ٦ مانگی تر قەدەغەی چاوپێکەوتنی پارێزەران درێژکراوەتەوە، لەماوەی ٨ ساڵدا ١٣ جار چاوپێکەوتنی پارێزەران قەدەغە کراوە، گوترا: "گەلی کورد و مرۆڤایەتی زانیاریان دەربارەی ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نییە. دەیانەوێت بەمە ڕامانبهێنن و گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ قبووڵ بکەین. ڕێبەر ئاپۆ تەمەنی ٧٥ ساڵە و ٢٦ ساڵە لەژێر گۆشەگیریدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی دڕندانە دەبێتەوە، نازانرێت ئێستە ڕێبەر ئاپۆ لەکوێیە و ڕەوشی جەستەیی چۆنە. ئاستی نیگەرانیمان زۆر بەرزە، وەک گەلی کورد سەبرمان نەماوە. ئێستە ملیۆنان کەس دەیانەوێت ئەم سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیرییە کۆتایی بێت.

هەروەها سی پی تی دەربارەی ئەم ڕەوشە بێدەنگە. داوا لە سی پی تی دەکەین بەبێ پاساوهێنانەوە دەستبەجێ بچێتە ئیمراڵی و چاوی بە ڕێبەر ئاپۆ بکەوێت. هەروەها داواکارین کە کۆنسەی ئەوروپا هەنگاوێکی خێرا بنێت. ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو مافەکانی مرۆڤ بێبەش کراوە. پێویستە کۆنسەی ئەوروپا شاندێک بۆ ئیمراڵی بنێرێت و چاوی بە ڕێبەر ئاپۆ بکەوێت و زانیاری ڕوون لەسەر ڕەوشی تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ وەربگرێت. پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا دەست لە بێدەنگی خۆیان هەڵبگرن کە دەچێتە خزمەتی قڕکردنی کوردانەوە، هەروەها گوێ لە دەنگی ملیۆنان کورد بگرن. ئێمە دەزانین پیلانگێڕیی سەر ڕێبەر ئاپۆ نێونەتەوەییە. هێزە نێونەتەوەییەکان لە سەرەتاوە پلانیان بۆ سیستەمی گۆشەگیری دانا و جێبەجێیان کرد".

پاشان دووپاتکرایەوە لەدژی ئەم سیستەمەی ئیمراڵی وەک کەجەدەکە-ئە چالاکییەکانیان زیاتر دەکەن، بانگەواز لە هەمووان دەکەن : "دژی دەوڵەتی تورکی قڕکەر کە لەگەڵ هێزە خیانەتکار و هاوکارەکان دەیەوێت کوردستان داگیربکات، ڕاپەڕن و خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن".

گۆشەگیری و ئەشکەنجە تاوانی دژی مرۆڤایەتیین، مەبنە هاوبەش!

دووپاتکراوەتەوە ناکرێت بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دژی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە ببێتە بابەتی سەودا و هەڕەشە، دەڵێت: "بانگەواز لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی دەکەین، هەنگاوی بەپەلە بنێن. گۆشەگیری و ئەشکەنجە تاوانی مرۆڤایەتییە. وەک گەلی کورد ئیتر ڕێگە بەم تاوانە نادەین".

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بمرێ خیانەت" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.