لە سویدەوە بانگەواز دەکرێت بۆ دەنگدان
سیاسەتمەدار و نوێنەرانی دامەزراوە دیموکراتیکەکان لە سوید ڕایانگەیاند، گەل هەلێکی گرنگی دەسکەوتووە بۆ بەزاندنی دیکتاتۆرییەتی ئەردۆگان، داوایان لە دەنگدەران کرد دەنگی خۆیان بدەن.
سیاسەتمەدار و نوێنەرانی دامەزراوە دیموکراتیکەکان لە سوید ڕایانگەیاند، گەل هەلێکی گرنگی دەسکەوتووە بۆ بەزاندنی دیکتاتۆرییەتی ئەردۆگان، داوایان لە دەنگدەران کرد دەنگی خۆیان بدەن.
قۆناغی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایاری تورکیا، لە سوید نزیکدەبێتەوە لە کۆتایی؛ لەم بارەیەوە، نوێنەرانی دامەزراوەکان داوا لە گەل دەکەن دەنگی خۆیان بدەن لەپێناو بردنەوەیەکی مسۆگەر، هەروەها گەل لەو گۆڕەپانانەی خێوەتی هەڵبژاردنی تێدا دانراوە، بە جۆشوخرۆش و دڵخۆشییەوە پشتیوانی خۆیان دەردەبڕن، بۆچوونی هەندێک لە بەشداربووان بەم جۆرەیە:
پەرلەمانتاری پارتی سەوزی سوید، دانیال ڕیازەت، گوتی: «ئێمە وەک پارتی سەوزی سوید هاتوون بۆ ئەم خێوەتە لەپێناو پشتیوانیکردن لە گەلی کورد، ئەمە دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ ئەوەی پێکەوە کۆتایی بە دیکتاتۆرییەتی ئەردۆگان بهێنین، وەک پارتی سەوز پشتیوانی لە هەموو گەلان دەکەین لە تێکۆشان دژ بە ڕژێمی دیکتاتۆری، چونکە تێکۆشان لەپێناو برایەتی هەموو گەلان بە هەموو ڕەنگەکانەوە، داخوازی ئێمەشە».
لای خۆیەوە، نوێنەری کاروباری دەرەوەی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی لە سکەندەناڤیا (NCDK-Skandînavya)، ڕەزوان ئاڵتون، گوتی: «ئەم هەڵبژاردنانە بۆ دەستنیشانکردنی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، سوید ناسراوە بە ساردییەکەی، بەڵام ئەمڕۆ گەلی کورد گەرموگوڕیی بۆ گەڕاندەوە، هیواخوازین و داوا لە هەمووان دەکەین دەنگ بدەن لەپێناو گۆڕانکاری، هەستمان وەهایە: یان دەیانبەزێنین، یان دەیانبەزێنین».
لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی لە ستۆکۆڵم (NCDK- Stockholm)، مەنیجە یەگیت، گوتی: «ڕاستییەکەی، وەک هەمیشە، ژن جێپەنجەی خۆی لەسەر هەڵبژاردن دانا، ئەمەش لە سەرکەوتن کەمتر نییە، ئێمە ٦ ڕۆژە هەموو ڕۆژێک دێینە گۆڕەپانەکان و بەرگری لە ئایندەمان دەکەین، پارتەکانی تریش خێوەتیان داناوە، بەڵام ئەو پشتیوانییەی لە خێوەتەکەی ئێمە هەیە، دەیان جار زیاترە، ئێمە هێز و مۆڕاڵمان لە وڵات وەردەگرین و وڵاتیش مۆڕاڵ لە ئێمەوە وەردەگرێت».
موحەمەد لە کارڵستاد، گوتی: «ئەمە هەڵبژاردنە لەنێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریەت، ئێمە بڕوامان بە سەرکەوتنی گەلەکەمانە».
ڕۆژی ٧ ی ئایار، دوایین ڕۆژی دەنگدانە لە سوید، بەم هۆکارە، داوا لە هەمووان دەکرێت دەنگی خۆیان بدەن.
ف.ق