ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وان، لەگەڵ ٢٤ ڕێکخراو ڕێکخراو بەبۆنەی "٢١ ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک"ـەوە کۆبوونەوە و کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان بەست. لە چالاکییەکەدا پانکارتی "با زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پەروەردەیی" و "کورد، کوردی، کوردستان" هەڵگیران و درووشمی "زمانمان شکۆی ئێمەیە" بەرزکرایەوە".
هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی زمان و چاندی دەم پارتی، حەمید دڵبەهار ڕایگەیاند چەندین زمان لەبەردەم هەڵمەتی ئەسیمیلاسیۆنن لەوانەش زمانی کوردی، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا پاشەڕۆژی چەندین زمان لە مەترسیدایە، گوتی: "یەکێک لەو زمانانە، زمانی کوردییە، کە دەیان ملیۆن کورد قسەی پێ دەکەن. دەبێت باش بزانرێت زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە هەر دێرین و دەوڵەمەندەکانی مرۆڤایەتی".
دڵبەهار ڕایگەیاند زمانی کوردی هەبوون و ناسنامە و بناغەی کوردانە، هۆش و جەستەیی کوردانە، پایەی یەکێتی نەتەوەیی کوردە، بێ زمان کورد و کوردستان بوونی نابێت، ئازادی زمانی کوردی ئازادی کورد و کوردستانە، هەروەها گوتی: "هێزە سەردەستەکان هەوڵ دەدەن زمانی کوردی گەمارۆ و سنوودار بکەن، بەڵام دەبێ بزانن زمانی کورد و تێکۆشان بۆ زمانی کوردی، بابەتێکی ستراتیژییە و بۆ کوردان هێڵی سورە. زمانی کورد وەک زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی و عەرەبی و فارسی و تورکی و هەموو زمانەکان، خاوەنی مافی بنەڕەتییە و ئەمەش ڕاستییەکە.
بەهیچ جۆرێک شایەنی مشتومڕ نییە. پێویستە ملیۆنان کورد و هەموو بزووتنەوە و پارت و ڕێکخراو و لایەنە کوردییەکان بۆ ئازادی زمانەکەیان یەکبگرن".
داخوازییەکان
دڵبەهار ڕایگەیاند تا زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی درێژه بە تێکۆشان دەدەن و داخوازییەکانی خۆیانی وەها ڕیزکرد:
"* لە هەموو جێیەک زمانی کوردیمان دەوێت و بۆ ئەمەش تێدەکۆشین. ئەم تێکۆشانەش لێرە بەدواوە بەردەوامە.
* بێگومان داخوازی و ئامانجەکانمان بۆ زمانی کوردی ڕوون و کراوەن.
* پێویستە زمانی کوردی ببێتە خاوەنی ستاتۆیەتی فەرمی و نێونەتەوەیی.
* پێویستە بە یاسای دەستوری و نێونەتەوەیی بەشێوەیەکی فەرمی دانی پێدا بنرێت.
* پێویستە کوردی ببێتە زمانی پەروەردە.
* پێویستە لە شوێنەکانی وەک پەرلەمان و پارێزگا و شارەوانی و دادگا و نەخۆشخانە زمانی کوردی بەکاربهێنرێت.
* پێویستە ڕێکخراوی زمانی کوردی بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن نوێنەرانی گەلی کوردە دابمەزرێت و کاری بۆ بکرێت.
* ئەگەر دەرفەت بۆ تورکی هەبێت، پێویستە بەهەمان ئاست دەرفەت بۆ کوردییش هەبێت".