لە وان چالاکی ناڕەزایەتی: پاشەکشە ناکەین
ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە وان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەداران.
ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە وان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەداران.
ئەمڕۆ لە وان چەندین کەس، لەنێویاندا هاوسەرۆکانی دەم پارتی وان وەیسی دیلەکچی و گوڵشەن کورت دەستبەسەرکران. دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەداران لە وان شەرمەزارکرا، بۆ ئەم مەبەستە ئەندامانی دەم پارتی لەبەردە بینای پارتەکە لە وان ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. لە بەڕێوەبەرانی دەم پارتی وان، ئیلهام گونەی جەختی کردەوە، فاشیزم لە وڵات پەرەی سەندووە و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە هەوڵدەدات تێکۆشانی سیاسییان تاوانبار بکات.
گونەی ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ هەبوونی قەیرانەکاندا، دەسەڵات هێرش دەکاتە سەر زمانی کوردی و ڕێکخراو و پارتە کوردییەکان، هێرش دەکەنە سەر سیاسەتی دیموکراتیکی گەلی کورد، بانگەوازی لە هەمووان کرد دژی ئەم سەپاندنانە دەنگی خۆیان هەڵبڕن.
گونەی جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە بۆ سەر کوردان دەیسەلمێنێت تێکۆشانەکەمان چەندە ڕەوایە، گوتی: "گەلەکەمان درێژە بە تێکۆشانی ڕەوا و دیموکراتیکی خۆی دەدات دژی ئەم هێرشانە".
گونەی جەختی کردەوە، تا ئێستە پاشەکشەمان نەکردووە لە تێکۆشانی سیاسەتی دیموکراتیک و هەرگیز پاشەکشە ناکەین، بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کرێکاران و پیشەوەران و کۆمەڵگەی مەدەنی کرد و گوتی: "بەرامبەر ئەو شەپۆلی فاشیزمەی دژی زمان و پارت و بەهاکانمان هەیە، دەنگی خۆتان هەڵبڕن. ئێمە هەبووین و هەین و هەر دەبین".
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشـم و چەپڵە کۆتایی هات.