بە دیمەن

لە ئێریڤان ژنان کۆمەڵکوژی شەنگالیان شەرمەزار کرد

یەکێتی ژنانی ئازادی ئەرمەنێستان بە بۆنەی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی شەنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بە بەرخۆدان و خۆبەڕێکخستن وەڵامی فەرمانەکە دەدەینەوە و بوونی خۆمان لەسەر بنەمای ئازادی ژن مسۆگەر دەکەین."

بە بۆنەی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی شەنگالەوە، یەکێتی ژنانی ئازادی ئەرمەنێستان لە شاری ئێریڤان لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی دا. لەو بەیاننامەیەدا کە ڤیان گاسانۆڤا ئەندامی یەکێتی ژنانی ئازادی ئەرمەنێستان خوێندرایەوە، بەدەیان ژن ئامادەبوون.

ڤیان گاسانۆڤا ڕایگەیاند، ئەوان پشتیوانی له بزووتنەوەی ژنانی ئازادی ئێزدخان (تاژێ) دەکەن و سڵاوی ئاراستەی ژنانی شەڕڤان و بەرخۆدێری شەنگال و جیهان کرد.

گاسانۆڤا لە درێژەی بەیاننامەکەدا وتی: "ئێمە بە قۆناغێکی سەختی شەڕدا تێدەپەڕین، کە زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان هەیە. وەک ژن لەم شەڕانەدا ڕووبەڕووی دڕندەیی و دەستدرێژی دەکرێینەوە، لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێین و دەکوژرێین."

١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی شەنگالدا تێپەڕیی،کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدرا و ئامانج کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی بوو. ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دەیان هەزار ئێزدی کوژران، ڕفێنران و کران بە کۆیلە و لە بازاڕەکاندا فرۆشران. هەروەها بەسەدان هەزار شەنگالی ناچار بوون کۆچ بکەن و ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن. شوێنە پیرۆزەکانی ئێزیدییەکان وێران کران. بەم هێرشە دڕندانەیە دەیانویست کۆمەڵگەی ئێزدی لە ڕێچکەوە لەناو ببەن. ئێمە بە توندی کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی شەرمەزار دەکەین.

هۆکاری یەکەم لە فەرمانی سەر کۆمەڵگای ئێزدییەکان پەدەکە یە. کاتێک داعش هێرشی کرد، ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە لە شەنگال بوون بەڵام بێ هیچ بەرگرییەک بەجێیان هێشت و هەڵاتن. ئەم هەڵهاتنە بووە هۆی ئەوەی هەزاران کچ، منداڵ، ژن، پیر بکەونە دەستی داعش.

کۆمەڵکوژیی ٣ی ئابی ٢٠١٤ برینێکی گەورەی لە دڵی گەلی ئێزدیدا دروستکرد و ئەم برینە تا ئەمڕۆش زیندووە. تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی کە کەوتنە دەستی چەتەکانی داعش نادیارە. ئەم کۆمەڵکوژییە برینێکی قووڵی لە دڵماندا دروست کرد.

دوای ئازادکردنی شەنگال، ژنانی ئێزدی پێشەنگی بەرخۆدانیان گرتە دەست و خۆیان بەڕێکخستن کرد. له سایەی ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆ و ڕەنجی شەهیدان، هێزی بەرخۆدان خوڵقا. ئێمە وەک کۆمەڵگای ئیزدی و ژنان قەرزداری شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆین. لە کۆمەڵگایەکدا کە ژنان و کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان ڕێکبخەن و هێزی خۆپاراستنیان بەهێز بکەن، هیچ هێز و سیستەمێک ناتوانێت بە ئاسانی کۆمەڵکوژیی، توندوتیژی و فەرمان بەسەریاندا ئەنجام بدات.

بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەنگال، ئازارەکانمان زیندوو دەبێتەوە. ئێمە بە توندی دڕندەیی چەتەکان و فەرمان دژ بە کۆمەڵگاکەمان شەرمەزار دەکەین. ئێمە بە بەرخۆدان و خۆڕێکخستنەوە وەڵامی فەرمانەکە دەدەینەوە و بوونی خۆمان لەسەر بنەمای ئازادیی ژن مسۆگەر دەکەین."