لە زیندانی سیلیڤریی ئیستەنبول دا مەرگ بە سەر زیندانیاندا دەسەپێنن

لە زیندانی ژمارە ٥ی سیلیڤری ئەشکەنجەدانی زیندانیان زۆر قورس بووە و دایە سۆنگول تاشتان، دایکی قادر کایا باسی لەوەکرد، کە لە رێگەى تەلەفونەوە لەگەڵ کوڕەکەیدا قسەى کردووە و وتی، "ئیدی ناهێڵن هەناسەش بدەن".

لە زیندانی ژمارە ٥ی سیلیڤریی ئیستەنبول کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە زیندانیان نایەت. هەموو رۆژێک گوشارێکی نوێ بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنن. لەبەر ئەوەى وەک پێویست رێوشوێن ناگیرێتەبەر لە زینداندا ژمارەی ئەو زیندانییە سیاسیانەى تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون روویان لە زیادبوون کردووە. بەهۆی هەڵوێستی بێباکانەى ئیدارەی زیندانەکە مەترسیەکان زۆر گەورە بوون.

 سۆنگول تاشتان دایکی قادر کایا، کە لە رێگەى تەلەفونەوە لەگەڵ قادر کایای کوڕی لە زیندانی ژمارە ٥ی سیلیڤری قسەى کردووە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و رایگەیاند، زیندانیان خراونەتە دۆخی مردنەوە. راشیگەیاند، "قادر کەسێکی وەها نییە، کە باسی ئەو شتانە بکات، ئیدی دیارە دۆخەکە زۆر خراپە بۆیە باسیان دەکات".

"رێوشوێن ناگرنە بەر و ئاوەکەش وەک قوڕاوە"

تاشتان رایگەیاند، بە تەلەفون لەگەڵ کوڕەکەیدا قسەى کردووە و کوڕەکەى وتویەتی، "دایە ئیدی هەناسەم لە بەر بڕاوە" و داوایکرد ئێمە دەنگی ئەوان ببیستین. راشیگەیاند، "ژمارەی ئەو زیندانیانەى لە قاوشەکاندا راگیراون زۆر زیاترە لە قەبارەی قاوشەکە و لە قاوشەکەى ١٠ کەسیدا ٣٢ کەس رادەگرن، خواردن کەمە، رێوشوێنی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناگرنەبەر، بە بەردەوامی ئاومان لێدەبڕن، ئەو ئاوەشی پێمان دەدرێت وەک قوڕاوە، رێگا نادەن بڕۆین بۆ هەواگۆڕکێ و وەڵامی داواکانمان نادەنەوە".

تاشتان رایگەیاند، سەرباری ئەوەى رێوشوێنەکان بۆ پەتای کۆرۆنا هەڵگیراون، بەڵام تا ئێستاش رێگا نادەین ئێمە بڕۆین بۆ سەردان و چاوپێکەوتن و قسەکردنیش لەگەڵ زیندانیان لە ٤٥ خولەکەوە کەم کراوەتەوە بۆ نیو سعات.

تاشتان وتیشی، "کوڕەکەم ساڵ و نیوێکە زیندانە و هەرگیز چاوپێکەوتنی رووبەڕوو و کراوەمان لەگەڵی نەبووە. بۆ پەیوەندی و قسەکردنی داخراویش پێشتر وتبویان ماوەی کاتژمێرێک، بەڵام دوای ماوەیەک کرا بە ٤٥ خولەک و ئێستاش کەمیان کردووەتەوە بۆ نیو سعات. ئەوەش گوایە بە پاساوی پەتای کۆرۆنا ئەنجام دەدەن، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا لە قاوشی ژمارە ٥ زۆر کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، چونکە لە بنەڕەتدا هیچ رێوشوێنێکی پێویستییان بۆ قەرەنتینە و دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگرتبووە بەر".

ئەوەشی راگەیاند، "ئەو قاوشەى کە کوڕەکەى منی تیادایە، کەسانێکی تیادایە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام پشکنیان بۆ ناکەن. تەنها لە قەرەنتینەدا رایانگرتوون. یانی ماوەى ساڵ و نیوەکە کوڕەکەم نایتوانی هەواگۆڕکێ بکات و بە ڕێگادا بڕوات. بەبێ پشکنین هەفتەى رابردوو دەرزییان لێدا. بە شێوەی ئاسایی مرۆڤێک کە تووشی کۆرۆنا بوو بێت، دەرزیی لێنادرێت، بەڵام لەبەر ئەوەى پشکنینیان بۆ کوڕەکەم نەکردووە دیار نییە، کە تووشی کۆرۆنا بووە، یان نا و سەرباری ئەوەش هەستاون دەرزیی ڤاکسینیان لێداوە".

تاشتان رایگەیاند، کوڕەکەى ماوەى ساڵ و نیوێکە بە ناهەق و ناڕەوا زیندانیکراوە و تەنها لەبەر ئەوەى لە بنەماڵەیەکی سیاسییە، کراوەتە ئامانج و زیندانیکراە.

تاشتان داوای لە رای گشتی کرد، کە بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە.

ژ.ت