بە دیمەن

لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان قڕکردنی ئێزدییەکان شەرمەزارکرا

ئەو جەماوەرەی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ژنێڤ کۆبوونەوە، قڕکردنی ئێزدییەکانیان شەرمەزار کرد.

چالاکی دانیشتن کە بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە ڕۆژانی چوارشەممە لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی سویسرا دەستی پێ کرد، هێشتا بەردەوامە.

لە چالاکی دانیشتنی ئەم هەفتەیەدا لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال، شەرمەزار کرا.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی کۆمەڵکوژی دەستی پێ کرد. لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکییەکە فەیسەڵ کوشکانادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بیرهێنایەوە، تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بانگەوازی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت سی پی تی کرد، بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی ژنێڤ ئیبراهیم یوکسەل دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، دووپاتی کردەوە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گۆشەگیرییە لەسەر تەواوی گەلانی بندەست و بەتایبەت گەلی کورد.

یوکسەل تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و گوتی: "ئەو دەسکەوتانەی خەڵکی باشووری کوردستان پاش دەیان ساڵ بە قوربانیدانی مەزن بەدەستیان هێناوە، ئەمڕۆ لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە پێشکەشی دەوڵەتی تورک دەکرێت". جەختی کردەوە پەدەکە لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ بە ڕادەستکردنی خەڵکی شەنگال بە چەتەکانی داعش بوو بە هاوبەشی قڕکردن.

ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک بەم دواییانە قڕکردنی چاندی کوردی زیاتر کردووە، دووپاتی کردەوە دژی هێرشەکان دەوەستن و چاند و ناسنامەی خۆیان دەپارێزن.

چالاکی دانیشتنی کوردستانیان تا کاتژمێر ١٧:٠٠ بەردەوام بوو.