مافناسان لەبارەی ڕێبەری گەلی کوردەوە بانگەوازیان لە کۆنسەی ئەوروپا کرد

ڕێکخراوەکانی ماف و یاسا بانگەوازیان لە کۆنسەی ئەوروپا کرد کە بڕیاری "پێشێلکردنی مافی هیوا"ی دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردووەتە ڕۆژەڤی خۆی، تورکیا ناچاربکات یاساکانی هەموار بکاتەوە.

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە)، کۆمەڵەی مافناسانی هاوچەرخ (چەهەدە) و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و وەقفی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (TÎHV) و وەقفی لیکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و یاسایی (تۆهاڤ) و کۆمەڵەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سیستەمی سزادان (CÎSST) دەربارەی "پێشێلکردنی مافی هیوا"ی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ناوەندی ئیهەدە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست.

ئەندامی ئۆهەدە ئیبرو ئاکال لەسەر ناوی ڕێکخراوەکان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، تیشکی خستەسەر بڕیاری "پێشێلکردنی مافی هیوا"ی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ١٨ ی ئاداری ٢٠١٤ دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند ١٠ ساڵ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕبووە بەڵام تورکیا لەم بارەیەوە هیچ هەموارێکی یاسایی ئەنجام نەداوە. ئاماژەی بەوە کرد کۆمیتەی وەزیران لە مانگی ئەیلول لە کۆبوونەوەی خۆیدا لەسەر بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کایتان و گوربان و بۆلتان ڕادەوەستێت و دیسانەوە ڕەوشی تورکیا دەخاتە بەرچاو.

ئاکال ڕایگەیاند تورکیا بەڵێنی داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ، بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر بڕیارەکە جێبەجێ نەکردووە، جەختی کردەوە تورکیا نایەوێت هیچ هەموارکردنەوەیەکی یاسایی ئەنجام بدات، گوتی: "کاتێک دەڕوانینە پێنجەمین ڕاپۆرت کە پێشکەشی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، دەریدەخات کە تورکیا نایەوێت ڕەوشەکە ڕاست بکاتەوە. دەریدەخات کە تورکیا لە پابەندییەکانی بە دیموکراسی و یاسا دوور دەکەوێتەوە. تورکیا نۆرمە گەردوونییەکانی مافەکانی مرۆڤ نادیدە دەگرێت و لەخۆی دووریان دەخاتەوە".

ئاکال ڕایگەیاند بڕیاری "پێشێلکردنی مافی هیوا" کاریگەریی لەسەر هەزاران کەس دەکات، بانگەوازی لە بەرپرسانی تورکیا کرد، دەستبەجێ بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و مەرجەکانی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوبنێن. ئاکال داوای لە کۆمیتەی وەزیران کرد:

"*سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی ساڵانە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا دەسەپێنرێت، ساڵانی بڕیارەکانی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ئەو کەسانەی کە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە لە زیندان بەسەریان بردووە، وەک داتای ئاماری داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن ڕادەستی بکات.

* داوا لە تورکیا بکەن بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی لە هەندێک تاواندا مەرجی ئازادکردنی کۆنتڕۆڵکراو بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو هەنگاوبنێت و یاساکانی هەموار بکاتەوە.

* تاوەکو تورکیا بڕیارەکان دەربارەی ئۆجالان و کایتان و گوربان و بۆلتان جێبەجێ بکات، لێکۆڵینەوەی باشتر بکەن و ئەگەر تا ئەوکات هەنگاوی پێویست نەگیرایەبەر، داوای ڕەشنووسی ئەو بڕیارە لە سکرتێری کۆمیتەی وەزیران بکەن.

* سەرۆکی کۆمیتەی وەزیران یان سکرتێری کۆمیتەی وەزیران، لەچوارچێوەی جاڕنامەی ڕیکیاڤیک، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و پتەوکردنی گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ بەردەنگە نیشتمانییەکان و لەپێناو ڕێوشوێنی کەسی و گشتی، نامەیەک بنێرن بۆ بەرپرسانی حکومەتی تورکیا".

پاشان سەرۆکی گشتی (TÎHV) مەتین باکالجی قسەی کرد، ڕایگەیاند پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە و ئەم پێداگرییە بێ مانایە، ئەم ڕەوشە ساڵانێکە بەردەوامە و قبووڵکراو  نییە، زوو یان درەنگ دەبێت ئەم پرسە چارەسەر بکرێت.

سەرۆکی گشتیی ئۆهەدە سەرحەد چاکماک تیشکی خستەسەر داواکاری زۆرێل لە ڕێکخراوەکانی ماف و ڕێکخراوە یاساییەکان دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "دەسەڵات لەڕێگەی هەنگاو نەناوە، پێداگری لەسەر سیاسەتی شەڕ دەکات، ئەمەش لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، کۆمەڵگە لەناودەبات. پێویستە بەگوێرەی ڕاستی ئەم خاکە هەنگاوبنرێت و چارەسەر بخرێتەڕوو".

سکرتێری گشتیی ئیهەدە، ئیبراهیم خەلیل ڤارگون ڕایگەیاند تورکیا بەگوێرەی بەڵێنەکانی مامەڵە ناکات، مانای ئەوەیە دان بە یاساکاندا نانێت، گوتی: "ئەگەر زیندانییەک بۆ یەک ڕۆژیش هەست بکات لە زیندان دەرناچێت، ئەمە دژی مافەکانی مرۆڤ و شکۆی مرۆڤایەتییە. پێویستە حکومەت و دادگا دەستبەجێ ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکەن. ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەمە دەکەین".