مانگرتن لە خواردنی زیندانیان لە حەوتەم رۆژدایە

مانگرتن لە خواردنی زیندانیان لە پێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد، لە حەوتەم رۆژدا بەردەوامە.

لەپێناو هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان ماوەی ٧ رۆژە بە شێوەی نۆرەیی مانگرتن لە خواردن بەردەوامە.

چالاکیەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' لە ٤٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لە ٢٧ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر دەستیپێکرد و تا ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، بەردەوام دەبێت.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان٢٥ ساڵە گۆشەگیری کراوە و ماوەی ٣٣ مانگە گۆشەگیرییەکە بە شێوەیەکی رەها بەڕێوەدەچێت و رێگە بە بنەماڵە و پارێزەرانی نادرێت چاویان پێیبکەوێت و هیچ هەواڵێکیش لەبارەیەوە نازاندرێت.

هـ . ب