مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە ١٠٠هەمین رۆژدایە

چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و کۆتایهێنان بە پێشێلکارییەکان لە زیندانەکاندا، لە ١٠٠هەمین رۆژدایە.

زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پێشێلکاریی مافەکان لە زیندانەکاندا ماوەى ١٠٠ رۆژە لە چالاکیی بەرخودانی مانگرتندان. چالاکیی مانگرتن لە مەخمور لە ٧٩هەمین رۆژ و چالاکیی مانگرتن لە یونان لە ٦٢هەمین رۆژدایە.

مانگرتن لە زیندانەکان

زیندانیانی سیاسیی دۆزی پەکەکە و پاژک لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە ماوەى ٢٢ ساڵە لە زیندانی جۆری ئێفی ئەمنیی ئاستبەرزی ئیمراڵیدایە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا، کە روویان لە زیادبوون کردووە، دەستیان بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور کردووە. چالاکیی زیندانیانی سیاسی بە بەشداریی ٢٠هەمین دەستەى مانگرتوو ئەمڕۆ چووە ١٠٠هەمین رۆژی مانگرتنەوە.

مانگرتن لە مەخمور

لە کامپی پەنابەرانی مەخمور ژنان بۆ هەمان ئامانج لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکیی مانگرتن لە خواردنیان دەستپێکردووە. چالاکییەکە لە دەزگای بنەماڵەى شەهیدانی مەخمور بەڕێوەدەچێت و چالاکییەکە لە ٧٩هەمین رۆژدایە.

مانگرتن لە یونان

پەنابەرانی کامپی لاڤیرۆ لە یونان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پشتیوانی لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیان دەستیان بە مانگرتن کردووە و چالاکییەکەیان ماوەى ٦٢ رۆژە بەردەوامە. بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و بزووتنەوەى ژنانی کوردستان لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا) و ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان پێشەنگایەتی بۆ چالاکییەکە دەکەن.

ف.ق