مەبیا-دەر: تێکۆشان دژی گۆشەگیری بەگوێرەی پێویست نییە

مەبیا-دەر لەگەڵ بنەماڵەکان کۆبووەوە و ڕایگەیاند تێکۆشان دژی گۆشەگیری ئیمراڵی بەگوێرەی پێویست نییە و گوتیان: "ئامانجمان شکاندنی گۆشەگیرییە".

مەبیا-دەر

لقی مێردینی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بێسەروشوێنانی لانکەی شارستانییەت (مەبیا-دەر) لە ناوچەی قۆسەر لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی قۆناغەکە و بوژاندنەوەی ڕێکخستن، لەگەڵ ئەندامەکانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پانکارت دژی گۆشەگیری هەڵگیرا و درووشمی "شەهید نامرن" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی مەبیا-دەر غوربەت تەکین تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند تێکۆشان دژی گۆشەگیری بەگوێرەی پێویست نییە، جەختی کردەوە هێرشەکان بۆ سەر چاند و زمانی کوردی گرێدراوی گۆشەگیرییە، گوتی: "دەیانەوێت لەڕێگەی گۆشەگیرییەوە، ئۆجالان لەبیرمان ببەنەوە. بەڵام هەرگیز قبووڵی ناکەین. لە کۆبوونەوەکانمان، لە ماڵەکانمان، لە یەک بینینی دوو کەسمان، دەبێت گۆشەگیری بکەینە ڕۆژەڤ. پێویستە پێش هەموو شتێک، ڕێکخستن و یەکێتیمان بەهێز بکەین".

هاوسەرۆکی مەبیا-دەر ساڵەح کودای تیشکی خستەسەر وتەیەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت، دەبێت لەو شوێنەی لەدەستمان داوە، لەوێ بگەڕێین و دەست پێ بکەین؛ گوتی: "بۆیە ئێمەش لەوێوە دەست پێ دەکەین. سەرەتا گۆشەگیری هەڵدەگرین. تا گۆشەگیری هەڵنەگرین، زمانمان قەدەغە دەکرێت. هەرکات گۆشەگیری هەڵبگرین، یەکێتیمان بەدی دێت. ئەوکات یەکێتی ڕۆژهەڵاتی ناوین مسۆگەر دەبێت".