"ناوی پەکەکە لەلایەن میتی تورکەوە خراوەتە ناو دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی پاڵمە"

دەرکەوت لە لێکۆڵینەوەکانی دوای تیرۆرکردنی پاڵمە دا، لیستی 'کام پەکەکەیانە دەستگیر بکرێن' لەلایەن هەواڵگریی تورکەوە دراوە بە سوید. بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنیی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتیش، پەدەکە ڕۆڵی لە هەڵمەتی ڕەشکردنی پەکەکەدا هەبووە.

ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦ لە شاری ستۆکهۆڵم و لە دوای چوونەدەرەوەی لە سینەمایەکدا کوژرا. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و بلۆکی سۆسیالیستیش بەو کوشتنە شۆک بوون. یەکێک لەو وڵاتانەش ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بوو، کە بە ناوی فەرمیی کۆماری دیموکراتیکی ئەڵمانیا (دی دی ئاڕ / DDR) دەناسرا، چونکە کۆماری دیموکراتیکی ئەڵمانیا (دی دی ئاڕ / DDR) ڕژێمێکی سۆسیالیستی بوو و پەیوەندیی لەگەڵ پاڵمەی سۆسیال دێموکرات دا باش بوو. لەبەر ئەوەش بەڕێوبەرایەتیی کۆماری دیموکراتیکی ئەڵمانیا (دی دی ئاڕ / DDR) زۆر بە وردی سەرنجی خستە سەر کوشتنی پاڵمە و هەڵوەستەى لەسەر کرد.

دوای تیرۆرکردنی پاڵمە دەزگای هەواڵگریی کۆماری دیموکراتیکی ئەڵمانیا (دی دی ئاڕ / DDR)، وەزارەتی ئاسایش و هەواڵگریی دەوڵەت (Ministerium fur Staatssicherheit-MfS)، کە بە ستاسی دەناسرا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو کوشتنە، کە لەو ڕۆژانەدا کاریگەریی کردبووە سەر جیهان، دوای چوار ڕۆژ لە کوشتنەکە بە فەرمانی ئێریک میلکی وەزیری ستاسی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی پاڵمە دروستکرا.

ئەم لیژنەیە بە سەرۆکایەتیی گونتەر جاکێڵ کاری دەکرد و ڕاپۆرتی زانیاریی سیخوڕییەکانی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار بە کوشتنی پاڵمە  تۆمار و کۆ دەکردەوە و رۆژانە زانیارییەکانی دەخستە بەردەم میلکیی وەزیر.

ئەو ڕاپۆرتانە لە ٨ بۆکس فایل و سەدان لاپەڕە پێکهاتوون و بە ناوی "جێپێی کورد" لە دوای کوشتنی پاڵمە ئامادە کراون. ئێستا ئەوانە لە ئەرشیڤی دەزگای تۆماری ستاسیی دەوڵەتی ئەڵمانیادایە.

ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەستی گەیشتووە بەو راپۆرتانە و لێیان وردبووەتەوە و لەو راپۆرتانەدا چەند زانیارییەکی لە بارەی هێرشەکانی سەر پەکەکە لە بەهاری ساڵی ١٩٨٦دا بۆ روون بووەتەوە و لێرەدا بەشێکی دەخەینەڕوو.

لەڕاپۆرتەکانی پەیوەست بەکوشتنی پاڵمە و لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان دا، کە لە ٧ و ١١ و ١٢ و ١٦ی ئازاری ١٩٨٦دا ئامادەکراون، چەند بەشێکی لەبارەی پەیوەندیی کورد و پەکەکە تیادایە. لە ڕاپۆرتی ٧ی ئازاری ئەو دەزگایەدا، راگەیاندراوە ئۆرژیناڵ و رەسەنەکەى  ڕۆژنامەوانیی نوێنەرایەتیی پەکەکە لە ئەوروپای تیادایە، کە لە ٣ی ئازاردا بڵاویانکردووەتەوە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، پەکەکە ڕایگەیاندووە، لە پشت ئەو کوشتنەوە نین و سەرچاوە سویدییەکانیش هەواڵگری تورک بە گومانلێکراوی سەرەکی دەزانن.

لە ڕاپۆرتی ٢٢ی بەڕێوەبەریی ستاسی لە ١١ی ئازاری ١٩٨٦دا هاتووە، هەواڵگری و پۆلیسی تورک لەبارەی پەیوەندیی ئەندامانی پەکەکەوە، هاوکاریی یەکەی لێکۆڵینەوەی سویدیان کردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، یەکە ئەمنییەکانی تورکیا بەڵگەنامەی لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئەندامە ناسرا و دیارەکانی پەکەکەوە ئامادەکردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا زانیاری ورد و بەرفراوان لەسەر جەمیل بایک و عەلی حەیدەر قەیتانی پەکەکەیی خراوەتەڕوو.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ١٢ی ئازاردا زانیاری لە بارەی جەمیل بایک و عەلی حەیدەر قەیتان پشتبەستوو بە دۆسیە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەڵمانیا (BKA) خراوەتەڕوو. لە ڕاپۆرتەکەی هەواڵگریی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات دا، کە لە هەواڵدەر و چاودێرەکانیانەوە پێیان گەیشتووە، هاتووە، جەمیل بایک لە سوریا بە ناوی 'شیار'، عەلی حەیدەر قەیتانیش بە ناوی 'فواد' و 'هاوار' دەژی و زۆربەی کات دەچێتە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا.

ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە هەڵمەتی دژ بە پەکەکەدا

لە ڕاپۆرتەکانی ستاسیی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتدا شتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە لە دوای کوشتنی پاڵمە حیزب و لایەنە کوردییەکان رۆڵیان لە هەڵمەتی ڕەشکردنی پەکەکەدا گێڕاوە. لە ڕاپۆرتێکی ٣ لاپەڕەیی دا، کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٦ لەلایەن ئۆفیسی ٢ەوە ئامادەکراوە، تیادا هاتووە، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (پەدەکە)، پەکەکە بە بەرپرسیاری کوشتنی پاڵمە دەزانێت. ئەو ڕاپۆرتە لە کۆبوونەوەی سیخوڕەکانی ستاسی لە بەرلینی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق (پەدەکە)دا ئامادەکراوە، بە کورتی باس لەوە کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەبەر ئەم دوو هۆکارەی خوارەوە پەکەکە بە بەرپرسیاری کوشتنی پاڵمە دەزانێت:

"هەر خۆی پەکەکە ماوەیەکە لە دژی پاڵمە هەڵمەت بەڕێوەدەبات. دوای کوژرانی پاڵمە پەکەکەیەکان لە سوید دەستگیرکران. لەوانەیە پەکەکەش بۆ تۆڵەی ئەوە پاڵمەی کوشتبێت. هەروەها پاڵمە زۆر کوردی خۆشدەویست و دەوڵەتی تورکیش لەوە بێزار بوو، ڕەنگە ئەو  کوشتنەی لە ڕێگەی سیخوڕییەکانی خۆیەوە لە ناو پەکەکە ئەنجام دابێت".

ئۆلاف پاڵمە لە ساڵانی ١٩٦٩-١٩٧٦ و ١٩٨٢ – ١٩٨٦ لە دەسەڵاتدا بووە و و دەیخواست کۆتایی بە گوشارەکانی سەر کورد بهێنێت،  بەڵام سەیرە کوشتنی پاڵمەیان خستووەتە ئەستۆی کورد.

دوای هەفتەیەک لەکوشتنەکە لە سوید هەڵیانکوتایە سەر ماڵی وڵاتپارێزانی کورد و چەندین کوردیان دەستگیر و بە کەلەپچەکراوی برد بۆ بنکە ئەمنییەکان. ئەو هێرشەی لە سوید کرایە سەر کوردان دوای ماوەیەکیش لە ئەڵمانیا لەلایەن دەزگای ئەمنیی ئەڵمانیاوە لە دژی کوردان دووبارە کرایەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا و سوید و تورکیا بۆ ئەوەی کوشتنەکە بخەنە ئەستۆی پەکەکە یەک لەسەر یەک هەواڵی درۆیان بڵاودەکردەوە. زۆر دوور نا، دوای ٢ ساڵ لە تیرۆرکردنی پاڵمە لە ساڵی ١٩٨٨ بە ناوی 'دۆسیەی پەکەکە'ەوە لە دوسلدۆرف گروپێکی پەکەکەیی دەستگیر و دادگایی کران، کە دوران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتان و حوسێن چەلەبی-یان لە ناودا بوو.

کورد لە ئاستی نێونەتەوەیدا سەرکردەیەکی لەدەستدا، کە لە دڵەوە داکۆکیی لە مافەکانی دەکرد، ئەو کوشتنەیان خستە ئەستۆی پەکەکە و بەو شێوەیە ئەوەیان کرد بە ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتێک بۆ رەشکردنی و ناشیرینکردنی کورد. لەبەر ئەوانەش دوای ماوەیەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕووداوەکانی دوای تیرۆرکردنی پاڵمەی بە 'هەنگاوی یەکەمی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی خۆی' وەسفکرد.

دوای ٣٦ ساڵ و لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا سوید بە فەرمی ڕایگەیاند، کورد و پەکەکە پەیوەندییان بە کوشتنی پاڵمەوە نییە.

نوسینگەی داواکاری گشتیی سوید ڕایگەیاند، تۆمەتباری کوشتنی پاڵمە ستیگ ئینگسترۆمی (Stîg Engstrom)ی سویدییە، کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا کۆچی دوایی کردووە و بەوەش دۆسیەی کوشتنی پاڵمەی داخست.

سەرباری ئەوەش حکومەتی سوید بە فەرمی داوای لێبوردنی لە کورد و بزووتنەوەی ئازادیی کورد نەکردووە.

ژ.ت