ئەو گروپە ٧٨ کەسیە کە لە سیاسەتمەدار، رۆژنامەوان، نوسەر، هونەرمەند و رۆشنبیران پێکهاتبوون لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەی دیموکراتیک و ئاشتیانە، کۆبوونەوە. ٧٨ کەسایەتیەکە بە ناونیشانی "نەخشەرێگەی بانگەوازی ئاشتی" لە هۆتێلێکی تەقسیمی ئیستەنبوڵ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان سازکرد و نەخشەڕێگەکەیان ئاشکرا کرد.
لە هۆڵی کۆنفرانسەکە پلاکاردی 'بانگەوازی ئاشتی' هەڵواسرابوو. ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەوانی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی رووماڵی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەیان کرد.
سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک، ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان و سیاسەتمەدارانی دیکە بەشدارییان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا کرد و پشتیوانییان بۆ نەخشەڕێگەکە دەربڕی.
سەرۆکی شانازی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ئاکین بیرداڵ کە یەک لەو کەسانەبوو کە واژۆی نەخشەڕێگەکەی کردبوو، لەسەرەتا کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا قسەی کرد و باسی لە رێگە و رێبازەکانی چەسپاندنی ئاشتی کرد.
دەقی نەخشەرێگەکە لەلایەن چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ نیعمەت تانریکوڵو کە یەک لە ئەندامانی گروپەکەیە خوێندرایەوە.
راگەیەندراوەکە بە ناونیشانی ' لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە ئاشتی هەیە' و 'لە بری سیاسەتی شەڕ و گۆشەگیری سیاسەتی ئاشتی و ئازادی' بەم جۆرەیە:
"تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک ساڵی ١٩٩٣ هەوڵەکانی بۆ ئاشتی خستەگەڕ، ئەمەش لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 ڕوویدا و پێکهات. بەڵام بەداخەوە ئەم دوایین هەوڵە سەری نەگرت. زۆر پێشهاتی گرنگ لەم "پرۆسەی چارەسەر"ـەدا ڕوویدا. لەم پرۆسەیەدا بۆ یەکەمجار لە تورکیا شەڕ کۆتایی هات و کەشێکی جددی ئارامی و ئاشتی جڤاکی پێکهات.
لە دوورگەی ئیمراڵی بە ئاگاداری و مۆڵەتی حکومەت کۆبوونەوەکان بەڕێوەچوون. ئەم کەشوهەوایە بووە یەکێک لە فاکتەرە ژیانییە گرنگەکان. بەمەبەستی دیاریکردنی ئایندەی جڤاک، یاسایەکی تایبەت سەبارەت بە پرۆسەی دیالۆگ دەرچوو. هەروەها حکومەت شاندی مرۆڤە هۆشمەندەکانی دامەزراند. سەرتاپای پرۆسەی چارەسەر تاوتوێ کرا. ڕاپۆرتی گرنگ ئامادە کرا. شاندی هۆشمەندان لە ٧ هەرێمی تورکیا کاریان کرد و ڕاپۆرتیان لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد ئامادە کرد. لە ڕاپۆرتەکاندا، شاندەکەدا دووپاتیان دەکردەوە، چارەسەر مومکینە و گەل پشتیوانی چارەسەر دەکەن. لەو ساتەوەختە مێژووییەدا شتی گرنگ ڕوویاندا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوە بوو کە حکومەت و دەوڵەت کەوتنە دیالۆگ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان وەک نوێنەری کوردان.
ساڵی ٢٠١٥ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەر تەگەرەی تێکەوت. تورکیا دەستوبرد پەنای بردە بەر شەڕ، قەیرانی ئابووری و چەندەها کێشە و قەیران دەرکەوتن. لە ٢٤ ی تەمموزی ٢٠١٥ بەدواوە، شەڕێکی نەپساوە لەسەر خاکی تورکیا و عێراق و سوریا ڕوویدا. ئەم شەڕ و پرۆسەیە، وڵاتی گەیاندە قۆناغێکی پڕ لە قەیرانی سیاسی و یاسایی و ئابووری و چاندی و ئەخلاقی و گەلێک کێشەی تر.
لەوە بەدوا، تورکیا بەتەواوەتی بوو بە ڕژێمێکی پاوانخواز. لە لایەکی دیکەوە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و جڤاکی لە تورکیا هیچ گۆڕانکارییەکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئەنجام نەدا. ئیدارەی پاوانخواز بە شێوەیەکی تیژ کاریگەری خۆی نیشان دا و فشاری خستە سەر ئۆپۆزسیۆن. دەسەڵاتی دادوەری کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی سیاسەت. سیاسەت دەسەڵاتی دادوەری کردە بە ئامرازی هەڕەشەکردن. ئەم ڕژێمە گەیشتووەتە ئاستێک کە یاساکانی ئێستای پێشێل دەکات و وەک لە یاسای زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدا دەردەکەوێت هەموو یاسا و مافێکی پێشێل کردووە، پاشەکشەی جددی دەرهەق بە یاسا نێونەتەوەیی و نەتەوەییەکان هاتۆتەپێش.
بەرامبەر ئەم هەموو گرفتە لەپێناو پێکهاتنی ئاشتییەکی جڤاکی، پێش هەموو شتێک، پێویستە بناغەی سیستەمێکی دیموکراتیک دابنرێت. لە پرسی ئاشتیدا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان و بزووتنەوە جڤاکییەکان. ئۆپۆزسیۆنی جڤاکی و پەرلەمان دەتوانن دژی سیاسەتەکانی شەڕ بوەستنەوە و جارێکی دیکە پرۆسەی چارەسەر دیموکراتیک پێشبخەنەوە و ئەم زەمینەیە بەشێوەیەکی بەهێزتر بڕەخسێنن.
کاتێک ڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ، بیرۆکەی بنیاتنانی پرۆسەی ئاشتی بەپەلەترین ئەرکی مرۆڤایەتییە. لایەنگریی ئاشتی و دژایەتی شەڕ، بابەتی پرەنسیپە. ئێمە دژایەتی و ڕەخنەی هەموو ئەو کارانە دەکەین کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن لە فەڵەستین، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، عێراق، قەرەباغ و ئۆکرانیا. بێدەنگی بەرامبەر ئەم سیاسەتانە کە لە ئەنجامدا مردن و کۆچبەری زۆرەملێی لێدەکەوێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کێماسی یان نەبوونی سیاسەتی ئاشتی. پێویستە پرەنسیپی "ئاشتی لە وڵات و ئاشتی لە جیهان" لە شێوەی "ئاشتی لە تورکیا و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین" بپارێزرێت.
پرسە جڤاکییەکان، بە چاندی دیالۆگ و سازان؛ بە ئاماژەدان بە بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی، دەشێت چارەسەر بکرێن. ڕێگای ئەم کارە پاراستنی پێکەوە ژیانی گەلانە لەسەر بناغەی یەکسانی، لە ناوخۆ و دەرەوە. هەوڵی ئێمە گەڕانە بە دوای ئاشتی و پەیوەستە بە بوێری گەشتی ئاشتییەوە. ئەو ڕەوشی ئاشتییەی لەکۆتایی ئەم ڕێگە سەخت بەڵام شەرەفمەندانەدا بەدەست دێت، تەندروستی جڤاکیشمان بونیات دەنێت. بنیاتنانی تەندروستی جڤاکی، نەک تەنها وەک کەس و جڤاک، بەڵکو بەگشتی سیستەمەکە بەهێزتر و تەندروست دەکات. بۆیە هەمدیسان دەڵێین "کەس بە شەڕ سەرناکەوێت و کەس بە ئاشتی نادۆڕێت".
وەک لە دەستپێشخەرییەکانی نێوان ساڵانی ١٩٩٣-٢٠١٥ لە پاراستن و بنیاتنانی ئاشتیدا بەدی دەکرێت، عەبدوڵا ئۆجالان موخاتەبی سەرەکییە کە بتوانێت دەستپێشخەری و چارەسەر بخاتە پێش. ئۆجالان کە ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد، ماوەی ٣٢ مانگە لە هەموو مافە دەستوری و یاساییەکانی بێبەش کراوە و بنەماڵە و پارێزەرانیشی زانیاری لەبارەوە نازنن. دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە دەستبەجێ ئەم نادادپەروەرییە لاببرێت و مافی ئۆجالان ڕەچاو بکرێت. بڕوامان وایە، ئۆجەلان بەشدارییەکی زۆر گرنگ لە بەجڤاکبوونی ئاشتیدا دەکات، پێمان وایە دامەزراندنی ئەو ئاشتییە بۆ تورکیا گرنگییەکی مێژوویی هەیە. لەسەر ئەم بناغەیە، بانگەواز لە حکومەت دەکەین کۆتایی بە شێوازەکانی گۆشەگیری نادادپەروەرانە بهێنێت. بانگەواز لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و جڤاکی دەکەین کە سیاسەتی ئاشتی بەهێزتر بکەن. وەک پێشهاتەکانی ئەم ڕۆژانە پیشانی دەدەن "خراپترین ئاشتی لە دادپەروەرترین شەڕ باشترە".
پاش ئاشکراکردنی نەخشەڕێگەکە، سیاسەتمەداری کورد، ئەحمەد تورک، باسی لە ڕێگا و ڕێبازەکانی ئاشتی کرد و باسی لە پرۆسەکانی ئاشتی پێشووتر کرد.