نوسینگەی یاسایی سەدە: پێویستە دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان بدرێت

نوسینگەی یاسایی سەدە رایگەیاند، لایەنە سیاسیەکان ناوی موەکیلەکەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار دەهێنن کە گۆشەگیری رەها بەردەوامە و وتی، " پێویستە دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان بدرێت.

نوسینگەی یاسایی سەدە، لەبارەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کە ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و دوو ساڵە هیچ زانیاریەک لەسەری نییە و ئەو قسانەی لەبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. نوسینگەی یاسایی سەدە باسی ئەوەی کرد کە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار بۆ گەلانی تورکیا زۆر گرنگە و لەبارەی هەڵبژاردن وتی، " هیوامان ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئاییندەی دیموکراسی و ئازادی سوودی هەبێت."

نوسینگەی یاسایی سەدە باسی ئەوەشی کرد کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان هەندێک لایەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ کاری تێکدەری دەکەن و وتی، " بەڕێز ئۆجالان لە دۆخێکی گۆشەگیری قورسدایە و ٢٥ مانگە هیچ زانیاریەک لەسەری نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لایەن دۆخی بەڕێز ئۆجالان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن و ئێمەی پارێزەرەکانی ناچارین لەمبارەیەوە روونکردنەوە بدەین."

نوسینگەی یاسایی سەدە ئاماژەی بە گۆشەگیری ئیمڕالی و نەبوونی زانیاری لەبارەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رەتکردنەوەی داواکاری چاوپێکەوتنی خانەوادە و پارێزەران کرد.

نوسینگەکە ئەوەی خستەڕوو کە ئیمڕالی لە یەکەم رۆژەوە کە دروستکراوە و تاوەکو ئێستا لە رووی رۆحی و جەستەییەوە جێگەی رزاندنی زیندانیەکانە و و بۆیەش قبوڵ ناکرێت کە سیستمی گۆشەگیری ئیمڕالی بکرێتە بابەتێکی مەگەزینی.

نوسینگەی یاسایی سەدە ئاماژەی بە گفتوگۆکان کرد و دەڵێت، " ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە رایبگەیەنین کە ئێمە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ەوە تاوەکو ئێستا زانیاریمان لەسەر ئۆجالان نییە. لەگەڵ هەموو سەردانی پارێزەران و خانەوادەکان هیچ زانیاریمان لەسەر ئۆجالان و سێ زیندانیەکەی دیکە لە ئیمڕالی نییە. بەم شێوەیە نیگەرانی خۆمان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین.

لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، لایەنە سیاسیەکان، ناوی ئۆجالان بۆ بانگەشە بەکار دەهێنن. ئێمە بە هەموو کۆمەڵگا دەڵێین کە گۆشەگیری رەها بەردەوامە و ئەم گفتوگۆیانە بێ ئاگاری ئۆجالان دەکرێن. پێویستە بە زوترین کات چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت و رێگە بە پارێزەران بدرێت سەردانی ئیمڕالی بکەن. لەم بارودۆخەکە کە دەرفەتی قسەکردن بە ئۆجالان نادرێت، پشتگوێخستنی گۆشەگیری و ئەم جۆرە قسانە، راست نین. باوەڕمان وایە کە هەموو کەسێک ئەم حەساسیەتە لەبەرچاو دەگرێت و بەم پێیە دەجووڵێتەوە."

ف.ق