نەژادپەرەستانی تورک لە ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر بنەماڵەیەکی تری کورد
نەژادپەرەستانی تورک لە ناوچەى ئەلماداگی لە ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر بنەماڵەیەکی کورد و ژنێک بە ناوی ز.د بە ٥ منداڵەکەیەوە لەو ناوچەیە دەرکران.
نەژادپەرەستانی تورک لە ناوچەى ئەلماداگی لە ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر بنەماڵەیەکی کورد و ژنێک بە ناوی ز.د بە ٥ منداڵەکەیەوە لەو ناوچەیە دەرکران.
هێرشێکی تری نەژادپەرەستی کرایە سەر بنەماڵەیەکی کورد و تاوەکو دێت هێرشە نەژادپەرەستییەکان لە دژی هاووڵاتییانی کورد زیاد دەکات.
لە شەقامی دەریا لە گەڕەکی عیسمەت پاشای ناوچەى ئەلماداگ لە ئەنقەرە هێرشێکی نەژادپەرەستی لە دژی بنەماڵەیەکی کورد روویدا. دوێنێ شەو لە کاتژمێر ١٠:٣٠ دا ز.د-ی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی گەڤەری جۆلەمێرگ لەلایەن دراوسێکانییەوە هێرش کراوەتە سەری و جنێویان پێداوە.
لەوبارەیەوە ز.د وتی، دراوسێکانی پێیان وتوە، "کوردی حەرام" و "تیرۆریست" و هەوڵیانداوە بە کۆمەڵ هێرش بکەنە سەریان.
ز.د ئەوەشی وت، "من و ٥ منداڵەکەم ماوەى ٢ ساڵە لێرە کار دەکەین، بەڵام ماوەی چەند هەفتەیەکە جنێومان پێدەدەن و سوکایەتیمان پێدەکەن. شوقەکەى تەنیشتمان بۆ ئەوەى ئێمە لەوێ دەربکرێین ئیمزا و مەزبەتەیان کۆکردووەتەوە".
ز.د کە لە هاوسەرەکەى جیابووەتەوە و بە تەنها لەگەڵ ٥ منداڵەکەیدا دەژین و باسی ئەوەشیکرد، کاری پاککردنەوە بۆ ماڵان دەکات و ماوەى ١٥ رۆژیشە بە دوای ماڵێکدا دەگەڕێت و ئەوەشی وت، "دوێنێ لەلای منداڵەکانم وتیان، 'ئێمە کوردمان ناوێت' و هەوڵیاندا بە کۆمەڵ هێرش بکەن. دوای ئەوەى سوکایەتییان کرد، ئێمە پۆلیسمان بانگ کرد. هاوکات لەگەڵ ئەوەى پۆلیسیش هاتبوو، دیسانەوە هەوڵیاندا هێرش بکەنەوە سەرمان. کاتێک پۆلیس رێگریی لەوان دەکرد، یەکێک لەوان تاوەکو بەر دەرگاکەمان هات و هەوڵیدا هێرش بکاتە سەرمان. کوڕەکەى منیش ترسا و چەقۆیەکی هەڵگرت بۆی، ئیدی ئەویش لە ترسا پاشگەز بوویەوە. لە بەردەم پۆلیسەکاندا هەڕەشەیان لە کوڕەکەم کرد. پۆلیس وتیان، 'ئێمە لێرەین و تۆ دەستت داوەتە چەقۆ، ئێمە دەمانتوانی لێیان بگەڕێین و بهاتنایە بۆت'.
بنەماڵەکە لە دوای ئەو هێرشانە ماڵەکەیان بارکرد و رۆیشتن بۆ حەسەن ئۆگلان.
لە ٢٠ی تەممووز لە ناوچەى ئاڵتنداغی ئەنقەرە هێرشێکی تری نەژادپەرەستی کرایە سەر بنەماڵەیەکی کورد و لەو هێرشەدا ٤ کەسی بنەماڵەیەکەیان بریندار کرد. هەروەها رۆژی ٢١ی تەممووز نەژادپەرەستانی تورک لە قۆنیا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەیەکی تری کورد و حەکیم داڵ-ی خەڵکی ئامەدیان کوشت.
ژ.ت