نەژادپەرستەکانی ئاکەپە لە لەندەن هێرشیان کردەسەر منداڵێکی کورد
لە لەندەن شەرڤان تان تەمن ١٥ ساڵ لەگەڵ باوکی بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداری دەنگدانی کرد. ئاکەپەییەکان ویستیان شەڕڤان لە هۆڵەکە دەربکەن.
لە لەندەن شەرڤان تان تەمن ١٥ ساڵ لەگەڵ باوکی بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداری دەنگدانی کرد. ئاکەپەییەکان ویستیان شەڕڤان لە هۆڵەکە دەربکەن.
لەندەن
لە لەندەن کوردستانیان بە دەوری پارتی چەپی سەوزەوە یەکیان گرتووە و بەجۆش و خرۆشی زۆرەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئاکەپەییەکان بە هۆی جلوبەرگی نەتەوەییەوە هێرشیان کردەسەر گەنجێکی کورد. شەڕڤان تان لەگەڵ باوکی بە جلوبەرگی نەتەوەییە شێوازی جۆلەمێرگی و کە رەنگیان شین بوو، لە وێستگەیەکی دەنگدانی لەندەن چووە سەر ناو هۆڵی دەنگدانەوە.
شەڕڤان تان کە باوکی خەڵکی مێردینە و دایکیشی بەریتانیە بە هۆی جلوبەرگە نەتەوەییەکەی پێشوازی زۆری لێکرا. شەڕڤان بەر لەوەی بچێتە ناو هۆڵی دەنگدانەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی، "لە جیهان و تورکیا لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن. لە تورکیا مافی ژنان وەک پێویست نەدراوە، پێویستە یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەبێت. لە تورکیا دەبێت مافەکانی مرۆڤ دەستەبەر بکرێت".
دوای ئەوەی تان لەگەڵ باوکی چووە ناو هۆڵی دەنگدان رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی کاربەدەستانی ئاکەپەیی بووە. کارمەندانی ئاکەپەیی لە هۆڵەکەدا بە هۆی جلوبەرگە شینەکانی شەڕڤانەوە بێزاربوون و بەمەبەستی دەرکردنی لە هۆڵەکە سکاڵایان تۆمار کرد. کارمەندێکی ئاکەپەیی بانگەشەی ئەوەی کرد کە جلوبەرگی شەڕڤان جلوبەرگی گەریلاکانە و داوای لە پاسەوانانی هۆڵەکە کرد کە شەڕڤان بکەنە دەرەوە، بەو هۆیەوە گرژی روویدا.
دەنگدەران وتیان "ئێوە فاشیستن" و ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەو هێرشە نەژادپەرستییە نیشاندا. کارمەندانی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەو مامەڵەکردنە گێرەشێوێنییە. دوای هاتنەئارای گرژیەکە، پاسەوانانەی هۆڵەکە شەڕڤانیان لە هۆڵەکە بردە دەرەوە.
شەڕڤان تان باسی لەوەکرد کە بنەماڵەکەی و هەموو کەس لە کوردستان جلوبەرگی لەم جۆرە لەبەر دەکەن و وتی، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەنایەوە. ئەمرۆ باوکم بۆ دەنگدان هاتە ئێرە منیش ویستم بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە لەگەڵیدا بێم. بەڵام لێرە منیان کردە دەرەوە. ئەو مرۆڤانە فاشیستن، مرۆڤی خراپن بۆ تورکیا. هەربۆیەش دەبێت دەنگ بدرێتە پارتی چەپی سەوز".
ئەندامی دەستەی هەماهەنگی هەڵبژاردنەکان لە بەریتانیا پارێزەر سیبەل ئۆزچەلیک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هێرشی نەژادپەرستانەی ئاکەپەییەکان دەربری و وتی، بە هیج جۆرێک جل و بەرگ، بڕوا، هزر و شێوازی ژیانی مرۆڤەکان نابێت بکەوێتە بەر لێپرسینەوەوە. ئۆزچەلیک رایگەیاند کە ئەوەی بەرامبەر بە شەڕڤان کراوە فاشیزمە".
هـ . ب