پارێزبەندیی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە زەوتکرا

پەرلەمانی تورکیا پارێزبەندیی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپەی زەوتکرد.

لە دەستەى گشتیی پەرلەمانی تورکیادا بابەتی لێسەندنەوە و زەوتکردنی پارێزبەندیی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە خرایە بەرنامەى کارەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.

هاوسەرۆکانی هەدەپە پەروین بووڵدان و میدحەت سانجار بەشداری کۆبوونەوەی دەستەى گشتیی پەرلەمانی تورکیایان کرد. ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە ماوەى ٣ کاتژمێر بەرگریی لە سەمرا گوزەل کرد.

دوای گفتوگۆکان و بەرگرییەکان، سکاڵای یەکەم لەسەر سەمرا گوزەل خرایە دەنگدانەوە و ٣١٣ پەرلەمانتاری تورکیا بە ئەرێ دەنگیان پێدا و ٥٢ پەرلەمانتاریش لە دژی بوون و بە نا دەنگیان پێدا.

هەدەپە کۆبوونەوەى دەستەی گشتیی پەرلەمانی بەجێهێشت

لە دەنگدان دووەم لەسەر سکاڵایەکی تر لە دژی سەمرا گوزەل، ٣٢٧ پەرلەمانتار بە ئەرێ و ٥٢ پەرلەمانتاری تریش بە نا دەنگیان دا. دوای ئەوە پەرلەمانتارانی هەدەپە وەک ناڕەزایەتی کۆبوونەوەى دەستەى گشتیی پەرلەمانیان جێهێشت.

قۆناغی دادگایکردن دەست پێدەکات

دوای زەوتکردن و هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری هەدەپە، دۆسیەکەی ڕەوانەی وەزارەتی داد دەکرێت. دوای ئەوەش وەزارەتەکە دۆسیەکە ڕەوانەی لای داواکاری گشتی دەکات و دوای ئەوەش پرۆسەی دادگایکردن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو پەلەمانتارەى هەدەپەدا بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت