ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری نوسینگەی یاسایی ئامەد پارێزەر باوەڕ مزراک پەیوەست بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و بابەتی مافی هیوا قسەیکرد و دەستنیشانی کرد دەسەڵاتداری تورکی خۆی لە پیادەکردنی مافەکانی مرۆڤ دەدزێتەوە کە مافی گەردوونین و بناغەی مافەکانی مرۆڤە.
پارێزەر مزراک ئاماژەی بەوەدا پێشتر بە گوێرەی یاسا بنەڕەتییەکانی تورکیا سزای زیندانی هەمیشەیی قورس بوونی نەبوو، سزای هەمیشەیی بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بوو، یان وەکتر سزای لە سێدارەدان هەبوو و لە درێژەدا ئەمەی گوت: " دوای دادگایکردنی بەڕێز ئۆجالان دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا (DMME) بەگوێری یاساکانی ئەورووپا سزای لە سێدارەدانی لابرت و گۆڕی بۆ سزای زیندانی هەتا مردن لە زینداندا، پاشان پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان سکاڵایان لەدژی ئەم بریارە تۆمارکرد، لە بەرانبەردا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا (DMME) بە بریارێک ئاماژەی بەوەدا سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی و سیستەمی جێبەجێ کردنەکەی پێشلکارییە و ئەشکەنجەیە."
مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت
مزراک بیریهێنایەوە لە ساڵی ٢٠٢٤ دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا (DMME) داوای لە تورکیا کرد پەیوەست بە مافی هیواوە لە یاساکانی خۆییدا هەموارکردنەوە ئەنجام بدات و بۆئەمەش تا ئەیلولی ٢٠٢٥ کاتی داوە بە تورکیا بۆ ئەو گۆرانکارییانە و ئەمەی گوت: "لەگەڵ لێدوانی باخچەلییدا ئەم بابەتە بوەوە بە ڕۆژەڤ، وەک پارێزەران لەوباوەرەداین نابێت مافی هیوا تێکەڵ بە پرۆسەکە بکرێت و بکرێتە موزایەدەی سیاسی، وە دەبێت مافی هیوا لە چوارچێوەی مافە بنەڕەتییەکاندا هەڵسەنگێندرێت. مافی مرۆڤ کە بناغەی مافەکانی مرۆڤە و گەردوونییە ئەم خواستە جێدەکاتەوە. بەڵام سەدەیەکە بە هۆکاری پرسی کوردەوە یاسای مرۆڤایەتییەکان لە تورکیادا وەک بازارییەک بەکاردەهێندرێت و لە پرۆسەی ئیستاشدا دیسانەوە ئەو خواستە هەیە، دەوڵەت بۆئەوەی پرۆسەکە بە خواستی خۆی بەڕێوەببات و ڕێکخستن چەکدانێت، ئەم بابەتەی وەک بازاریکردن و هەرەشەکردن بەکاردەهێنێت. کاتێک مرۆڤ لە قۆناغ و ململانێکی ئێستا دەروانێت، زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت بۆئەوەی بەڕێز ئۆجالان بتوانێ پرۆسەکە بەڕێوەبەرێت دەبێت بتوانێ بەشێوەیەکی ئازادانە کارەکانی بکات."
پارێزەر باوەڕ مزراک ئاماژەی بەوەدا هەموو فشارێک لەسەر ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا هەیە کە مافی هیوایش لەوچوارچێوەیەدا پێشل دەکرێت.