لە پەرلەمانی تورکیا پرسەی ئۆندەر بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ لە پەڕلەمانی تورکیا پرسە بۆ سری سورەیا ئۆندەر دانرا و چەندین کەسایەتی لە پەرلەماندا کە باخچەلیش یەکێک بوو لەوانە بەشداری پرسەکەیان کرد.
ئەمڕۆ لە پەڕلەمانی تورکیا پرسە بۆ سری سورەیا ئۆندەر دانرا و چەندین کەسایەتی لە پەرلەماندا کە باخچەلیش یەکێک بوو لەوانە بەشداری پرسەکەیان کرد.
بۆ ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و جێگری سەرۆک پەرلەمانی تورکیا سری سورەیا ئۆندەر لە هۆڵی پەرلەمان پرسە دانرا.
لە هۆڵەکەدا وێنەی سری سورەیا ئۆندەر دانرا و هاوکات لەگەڵ دانانی تاجە گوڵینەدا، دەفتەرێک بۆ یاداشتکردنی وی دانرا.
سەرۆکی پەڕلەمان، نوعمان کوورتوولمووش، سەرۆکی گشتی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆک فراکسیۆنی جەهەپە، موراد ئەمیر و شاندی یاوەری، سەرۆکی گشتی پارتی گەلەجەک، ئەحمەد داود ئۆغلوو و سەرۆکی گشتی پارتی سەعادەت، موحەمەد ئارکان و چەندین پەرلەمانتاری دیکە سەردانی پرسەکەیان کرد.
هەروەها عەلی ئۆندەر برای سری سورەیا ئۆندەر، هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان پێشوازییان لە میوانەکان کرد.
موراد ئەمیری جەهەپەیی سەرەخۆشی کرد و گوتی: "زۆرم خۆش دەویست، هەمووکاتێک جێگەی ڕازیبوونی هەمووان بوو، جێگەی بە هەشت بێت."
تولای حاتەم ئۆغوللاری سوپاسی ئەندامانی جەهەپەی کرد و گوتی: "نەک تەنها بۆ دەم پارتی و پەرلەمانتاران، بەڵکو بۆ تەواوی وڵات لە دەستدانێکی مەزن بوو."
وتیشی: "بۆ ئاشتیی زۆر تێکۆشانی کرد. وەک تورکمانێک هەمووکات پشتگیری گەلی کورد بوو."
داودئۆغلۆ لە مەڕاسیمی پرسەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئۆندەر و دەم پارتی کرد و گوتی: "ئۆندەر بۆ وڵاتەکەی، بۆ گەلەکەی هەمووکاتێک چی راستبووایە ئەوەی دەکرد."
نوعمان کورتوولمووش گوتی: "گەلی تورکیا هەمووکاتێک وی وەک کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و بونیاتنانی خوشک-برایەتی یادی زیندوو ڕادەگرێت."
دوای دەربرینی سەرەخۆشییان کورتوولمووش و باخچەلی کۆتاییان بە سەردانیکردنەکەیان هێنا.