پارێزەر بیلمەز: وەزارەتی داد درۆ دەکات، بۆ نکۆڵی لە گۆشەگیری پاساو دادەتاشێت

ئەندامی نوسینگەی یاسایی سەدە پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز، باسی لەوەکرد، کە کاربەدەستانی وەزارەتی داد درۆ دەکەن و وتی، "هەوڵ دەدرێت قسەی ناڕاست ودوور لە لۆژیک داتاشن و لە رێگەی سزاوە نکۆڵی ە گۆشەگیری دەکەن".

دانیشتنی ٨٠هەمینی کۆمیتەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ بەردەوامە. لە چوارچێوەی دانیشتنەکەدا ریپۆرتەری تایبەتی کۆمیتەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوەیەکگرتووەکان مائیدە نائۆکۆ لەبارەی گۆشەگیری لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتەی پێشکەش کرد. دوای ئەو یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکان فاتیح گونگۆر لەسەر ناوی تورکیا مافی قسەکردنی وەرگرت و وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی دایەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە دۆخی گۆشەگیری بوونی نییە و بە هۆی 'رێکارەکانی دیسپلین' لەبەرامبەر زیندانیەکان، دیدارەکان قەدەغەکراون.

یەک لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە ئیبراهیم بیلمەز دەستنیشانی کرد کە سزا بەشێوەیەکی نایاسایی دەسەپێندرێن و وتی، "لەبارەی ئەو سزایانەی دەسەپێندرێن زانیاری بە پاڕێزەران نادرێت. ئێمە پاساوی سەپاندنی سزاکان لە راپۆرتەکانی سی پی تییەوە دەزانین. زیندانی ٤٥ خولەک وەرزش دەکەن و ١٥ خولەک بە دەم رێکردنەوە گفتوگۆ دەکەن، ئەوەشیان کردووە بە پاساوی سەپاندنی سزا. هەوڵ دەدرێت راستی دوور لە ئەقڵ و لۆژیک دابتاشرێت و بەوەش نکۆڵی لە گۆشەگیری دەکەن".

'کاتێک بابەتەکە لەسەر ئیمراڵی دەبێت یاسا کاری پێناکرێت'

پارێزەر بیلمەز ئەوەی خستەڕوو کە لەلایەن دادگای جێبەجێکردنی سزاوە هەر شەش مانگ جارێک بەشێوەی سیستماتیک قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران دەسەپێنێت و وتی کە ئامانجی ئەو سزایانەی دیسپلین رێگریکردنە لە دیداری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیەکانی دیکە لەگەڵ بنەماڵەکانیان. پارێزەر بیلمەز لەبارەی بانگەشەی ئەوەی لە دژی سزای دیسپلین تانەیان پێشکەش نەکردووە و وتی، "سێ مانگ جارێک بە شێوەی سیستماتیک سزای دیسپلین هەم بەسەر بەڕێز ئۆجالان و هەمیش بە سەر زیندانیانی دیکە لە ئیمراڵی دەسەپێندرێت و سزاکە نوێدەکرێتەوە. ئەوەی دەیکەن لە دژی یاسای سزادانە. سزاکانی دیسپلین بەم جۆرە بێ وەستان ناتوانرێت بسەپێندرێت. موەکیلەکانمان زۆر جار لە دژی ئەو سزایانە ناڕەزایتیان دەربریوە. لەبەر ئەوەی دەزانین کاتێک بابەتەکە دەبێتە ئیمراڵی، بەهیچ جۆرێک کار بە یاسا ناکرێت. لەبارەی ئەو تانانەی پێشکەشکراون تەنیا یەک دانەشیان بە ئەرێنی وەڵام نەدراونەتەوە. وەک پارێزەران، ٢٥ ساڵە ئێمە داواکاری بەرزدەکەینەوە، بەڵام تائێستا یەک ئەنجامی ئەرێنیمان لە دادوەری تورکەوە وەرنەگرتووە. لەبەر ئەو هۆکارانە رەنگە موەکیلەکانیشمان بەهۆی ئەوەی متمانەیان بەو میکانیزمانەی دادگەری کە بەدیاریکراوی بۆ ئەوان بەرکارنین، سکاڵا ئاراستەی دەستەکانی چاودێری و دادوەری ناکەن. بە داخەوە لەم قۆناغەدا ناتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە".

پارێزەر بیلمەز رایگەیاند، لێدوانی کاربەدەستەکەی وەزارەتی داد هیچ راستیەکی لەخۆنەگرتووە و وتی، مامەڵە و هەڵسوکەوتەکە بە تەواوەتی نایاسایی و هەوڵ دەدەن پاساوی بۆ دابتاشن.

هـ . ب