کچە کورد ئارمیتا گراوەند، ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم، بە پاساوی لابرنی سەرپۆش لە مێترۆی شاری تاران لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی دەستبەسەر و بە توندی ئەشکەنجە درابوو و بە ھۆیەوە کەوتبووە دۆخی کۆماوە و دوای ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران، ھەواڵی کۆچی دوایی بڵاوکرایەوە.
بنەماڵەی ئارمیتا بە نیاز بوون تەرمەکەی لە زێدی خۆیان کرماشان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بە خاکبسپێرن، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران ڕێگەیان پێنەدان و بە ناچاری دوێنێ یەکشەممە تەرمی ئەو کچە کوردە لە گۆڕستانی بەهەشتی زەھرا لە شاری تاران بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی ھەواڵ لە میانی مەراسیمی بە خاکسپاردنی ئارمیتادا، لانیکەم چوار کەس دەستگیر کران، کە یەکێکیان نەسرین ستوودە، پارێزەر و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە.
لەوبارەشەوە، ڕەزا خەندان ھاوسەری نەسرین ستوودە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ھەواڵی دەستگیرکردنی ھاوسەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھاوسەرەکەی لە کاتی دەستبەسەرکردنی ڕووبەڕووی لێدان و توندوتیژی بووەتەوە.
نەسرین ستوودە، (تەمەن ٦٠ ساڵ)، ماوفناس، پارێزەر و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە، ناوبراو براوەی چەند خەڵاتێکی نێونەتەوەیی لەوانەش خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ مافەکانی مرۆڤە، کە ساڵی ٢٠١٢ پێشکەشی کراوە و پێشتریش چەندین جار دەستگیر و زیندانی کراوە.