پارێزەران بۆ ئەوەی بچنە ئیمراڵی داواکاری نوێیان پێشکەش کرد

پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەی بتوانن چاویان بە موەکیلەکانیان ببینن، جارێکی دیکە داواکارییان بەرزکردەوە.

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە رازیە ئۆزتورک، ئیبراهیم بیلمەز، عەمران ئەمەکچی و جەنگیز یورەکلی بۆ ئەوەی بتوانن موەکیلەکانیان عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش ببینن کە ٣٦ مانگە گۆشەگیرکراون، سەردانی داواکاری گشتیی کۆماریی بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

پەیوەندی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە دەرەوە بە تەواوەتی پچڕاوە. داواکارییەکان بۆ دیدار وەڵام نادرێنەوە، هەندێک جار دوای چەند مانگێک سزای دیسپلین وەک پاساوی رێگری لە دیدارەکان بە پارێزەران رادەگەیەندرێت.

بە گوێرەی دوایین راپۆرتی نوسینگەی یاسایی سەدە کە ١٧ی کانونی دووەم بڵاوکرایەوە:

-لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ەوە تەنیا لە نێوان ئایار- ئابی ٢٠١٩دا پێنج جار دیداری پارێزەران ئەنجامدراوە، دوایین دیدار لە ٧ی ئابی ٢٠١٩دا بووە.

-لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پێنج جار دیداری بنەماڵەکان ئەنجامدراوە.

-دوایین دیداری لەگەڵ براکەی لە ٣ی ئابی ٢٠٢٠دابوو.

-لە یەکەم رۆژەوە (١٥ی شوباتی ١٩٩٩) تا ئێستا دوو جار (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ و ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١) بە تەلەفون رێگە دراوە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام بدات.

-دوایین پەیوەندی تەلەفونی لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١دا پاش ماوەیەکی کەم پچڕێندرا و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە بەردەست نییە.

هـ . ب