پارێزەران داوا دەکەن بە پەلە چاویان بە ڕیبەر ئۆجالان بکەوێت

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داواکاریی دیداری بەپەلەیان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ئاراستەی داواکاری گشتیی تورکیا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئیمرالیی کرد.

ئەمڕۆ جارێکی دیکە پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمرالیی کرد، بەمەبەستی پێشکەشکردنی داواکاریی ئەنجامدانی دیداری بەپەلە لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی ٢٩ی ١١ی ٢٠٢١ نووسینگەی پارێزەرانی سەدە ئاشکرایکرد، دوو سزای نوێ بەسەر ڕێبەری گەلی کورد-دا سەپێندراوە و سزای یەکەم مانگی ئابی ئەمساڵ بووە، کە تێیدا بۆ ماوەی سێ مانگ ڕێبەر ئۆجالان بێبەشکراوە لە دیدار، سزای دووەمیش لە ١٢ی ١٠ی ٢٠٢١ دەرکراوە تێیدا بۆماوەی شەش مانگ ئەنجامدانی دیدار لە ڕێبەری گەلی کورد قەدەغەکراوە.

لە ساڵی ٢٠١١ەوە پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان تەنها پێنج جار توانیویانە چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان بکەوێت، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تائێستاش سەرجەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار لە ئیمرالیی لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە وەڵام نەدراونەتەوە.

دوایین جار ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مانگی ٣ی ٢٠٢١ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە خانەوادەکەیەوە کردووە و تائێستا ڕێگەنەدراوە خانەوادە و پارێزەرانی دیداری لەگەڵ ئەنجامبدەن.

ف.ق