پەدەکە دیسان لە سەر تاوان گیرا.. 'بوونی هێزی تورکی لە قەرەچوخ لەگومان دەرچووە'

دەرکەوت لە پێکدادانەکەی ئەمدواییەی نێوان پەدەکە و سوپای عێراق لە قەرەچوخ، ئەندامێکی میتیش کە بەرگی چەکدارانی پەدەکەی لەبەردا بووە کوژراوە، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت: 'بوونی هێزی تورکی لە قەرەچوخ لەگومان دەرچووە'.

چەکدارانی پەدەکە لە چیای قەرچوخ بە تایبەتی دوای هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کە ئەم هەرێمەیان رادەستی داعش کرد و دوای ئەوەی کە گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، دانیشتوانی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) و هێزەکانی پێشمەرگەی خۆبەخشی سنوری قەرەچۆخ داعشیان تێکشکاند، پەدەکە جارێکیتر هاتەوە و هەوڵیدا ئەو شۆینانەی کە ڕادەستی داعشی کردبوون و هەڵاتبوو، بەڵام لە لایان گەریلاکان و پێشمەرگە خۆبەخشەکانەوە ڕزگار کرابوون، سەرلەنوێ وەربگرێتەوە، بەڵام کە نەیتوانی، ئەم جارە لەو بەشەی چیای قەرەچۆخدا کە جێگیر ببون بەردەوام بە فیتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی بە تایبەتی گەریلاکان و خەڵکی مەدەنی کەمپەکە دژمنایەتی کرد.

 لە ٢٠١٥ەوە تاوەکوو ئێستا بە دەیان جار فرۆکە جەنگیەکان و فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆردومانی کەمپەکەیان کردوون کە بە دەیان هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی. لەم ماوەی دواییدا پەدەکە کە لە چاوساخی خۆی بۆ تورکیای داگیرکەر هیچ سنوورێک ناناسێت بەردەوام هەبوونی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار کە بۆ پاراستنی خەڵکی کەمپەکە بە فەرمی لەوێ بوون وەکوو پاساوێک بۆ رەوانیشاندانی هێڕشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر نیشان دەدا.

 چەند ڕۆژ لەمەوبەر فەرماندەیی بریارگەی ناوەندی گەل بە لێدوانێک ڕایگەیاند، کە ئەوان ئەرکی خۆیان بەجێهێناوە و هێزەکانی خۆیان لەوێ دەکشێننەوە. دوای ئەم لێدوانە لە نێوان چەکدارانی پەدەکە و سوپای عێراقدا کە دەیانویست ئەو پێگانەی کە گەریلایان لێیان کشابوونەوە، کۆنتڕۆڵ بکەن، شەڕ هاتەئاراوە.

لەو شەرەدا بە پێ هەندێ بانگەشەوە، ٣ چەکدار کوژراون کە پەدەکە تەنها ناوی دوو کەسیانی ئاشکرا کرد و ئەوەی سێیەمینیان شاردووە. هەر بە پێ ئەم بانگەشە هۆکاری ئاشکرا نەکردنی ناوی سێیەم بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە ئەو کەسە بە جلی چەکدارەکانی پەدەکەوە لەوێ جێگربوو ئەندامی میت بووە. هەر وەها ڕاگەیەنراوە کە ناوی ئەم ئەندامەی میتی تورک، کە لە ناو چەکدارەکانی پەدەکە دا ئەحمەد حسێن بووە، لە بنەڕەتدا ناوی یاڤوز ئەردەمە.

لە هەمان بانگەشەدا هاتووە، کە ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە ترمی ئەم سیخوڕەی میت بە ئۆتۆمبێل گواستراوەتەبۆ بۆ هەوڵیر و لەوێشە گەیەندراوەتە دهۆک. لە دهۆکیش بە هڵیکۆپتەر بردراوەتەوە بۆ تورکیا.

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنووری قەرەچوخ سەبارەت بە هۆکار و کردەوەکانی پەدەکە لەم سنوورەدا و بوونی میتی تورک لە ناویاندا بۆ ئاژانسەکەمان دووا و ئەوەی خستەڕوو، کە بە ئاشکرایی دەردەکەوێت کە چەکدارەکانی پەدەکە چۆن بە فیتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە هەرێمەکەدا ڕۆڵ دگێرێت.

غازی فەیسەڵ وەها باسی کرد:

'ئێمە لەچەند ساڵی ڕابردوو گومانمان لە میتی تورکی هەبووە لەسەرشاخی قەرەچوخ و چەندین بەڵگە هەن؛

یەکەم لە کورتترین ماوەو و کورتترین کاتتدا فڕۆکەی دڕۆنی تورکیا دێنە سەر کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی و بۆردوومان دەکەن و لەسەر شاخی قەرەچوخ ون دەبن.

دووەم پارتی بارزانی بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن هێزەکانی ئێمە و هەتا دانیشتوانی ناوچەکەش بڕۆنە ناو شاخی قەرەچوخ و چەندین لیوای تێکەڵەمان هەن ناهێڵن بچنە سەر شاخی قەرەچوخ و تەنها هێزی پارتی بارزانی یەکەی هەشتای لێیە. ئێمە بەبەرچاوی هەموو دنیا شەش ساڵە هێزێکی خۆبەخشی سەرکەوتوومان لە کادر و پێشمەرگە و جوتیاری ناوچەکە درووست کردووە و چەندین پەلاماری داعشمان تێکشکاندووە و چەندین بنکە و بارەگای داعشمان گرتوە، بەڵام پارتی ناهێڵێت بچینە سەرشاخی قەرەچوخ.

جوتیاران و ئاژەڵدارانی ناوچەکە بژێوی ژیانیان لەشاخی قەرەچوخ بووە، بەڵام پارتی قبوڵی نیە بچنە شاخەکە؛ بۆ گەڕان وسەیرانی بەهاران پارتی بارزانی قبوڵی هیچ گەنجێکی نیە بچنە سەرشاخی قەرەچوغ، تەنها پێشمەرگەی پارتی و کارمەندانی کارگەی چیمەنتۆی کار ئازادن لە شاخی قەرەچوخ بن، بەڵام ئەوانی تر هەمووی قەدەغەیە کە دانیشتوی ڕەسەنی ناوچەکەین ناتوانن بچنە قەرەچوخ.

هەر وەها چەندین جار کاروان و کەژاوەی ئۆتۆمبێلی نامۆ و جام ڕەش دێنە سەر ئەوشاخە بەناوی کۆمپانیای نەوت و فەرماندەی سەربازی، ئەوانەش گومانیان نەهێشتۆتەوە کە میت لەسەر شاخی قەرەچوخە.

بۆیە ئەم خاڵانەی لەسەرەوە باسمان کردن هەمووی بەڵگەن لەسەر بوونی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی تورکیا و ئێمە وەکوو یەکێتی لێرەش بەدوواوە ناتوانین لەناو حکومەتێک و وەزارەتێک بین کە نەتوانین پێشمەرگە و کادرانمان بەشداری کارابین لە پاراستن و خزمەتی هەرێمی کوردستان. بۆیە بێجگە لەو دەیان سەربازگانەی هەرێم و دەیان کۆمپانیای بەناوی خوازراو، تورکیا خەریکە کۆنتڕۆڵی تەواوی هەموو هەرێم دەکات و تەنها پارتەکەی بارزانی کارئاسانی بۆ تورکیا دەکات و کابینەی نۆ بەکاردێنێ بۆ هێنانی هێزی زیاتری تورکیا. لەکۆتاییدا بوونی هێزی تورکی لە قەرەچوخ لەگومان دەرچووە.'