حیزبی پۆدیمۆس، حیزبی دەسەڵاتدار لەئیسپانیا لە كاردانەوەیەكیاندا لە دژی هەڕەشەكانی تەیب ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ماڵپەڕی خۆیدا راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.
پۆدیمۆس ئاماژەی بەهێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر باشور و رۆژئاوای كوردستان و گۆشارەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر پارتی دیموكراتیکی گەلان "هەدەپە" كردوە.
لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە؛ تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیری توركیا لە هەفتەكانی رابردوودا دەستی بە بۆردومان و تۆپبارانی عێراق كردووەتەوە و هەڕەشەی داگیركردنی سوریاش دەكات و بەمشێوەیەش پەرە بەهێرشەكانی بۆ سەر گەلی كورد دەدات.
پۆدیمۆس راشیگەیاندوە؛ هاوكات لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر كورد لەدەرەوەی سنورەكانی توركیا، دەوڵەتی تورك گۆشاری خستووەتە سەر هەدەپە. دەوڵەتی تورك تا ئاستێكی زێدە پێ لەبەڕەی خۆی راكێشاوە و ئەندامێتیی فینلاند و سویدیشی لە رێكخراوی ناتۆ بەستووەتەوە بەپشتیوانیكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كوردەكان.
ئامانجی دەوڵەتی تورك، داگیركاری و تواندنەوەی ئەتنیكیە
پۆدیمۆس هاوكات لەراگەیەندراوەكەیدا رایگەیاندوە؛ هێرشی دەوڵەتی تورك بۆ سەر باشور و رۆژئاوای كوردستان بەئامانجی كۆمەڵكۆژی ئەتنیكی پێكدێت. ئەردۆغان لە ١٨ی نیسانەوە دەستی بەهێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر هێزە كوردییەكان لەعێراق و سوریا كردوە. لەو كاتەوە تا ئێستا هێزە ئەمنیەكانی دەوڵەتی تورك هەرێمە نیشتەجێ بووە مەدەنیەكانیش دەكەنە ئامانج.
بەرفراوانبوونی هێرشەكان بۆ سەر هەدەپە
پۆدیمۆس ئاماژەی بەبن پێشێلکردنی رێسا و یاساكانی مافی مرۆڤی ئەوروپا لەلایەن دەوڵەتی توركەوە دەكات و باسی لە دەستگیركردنی بەرهەڵستكاران و رەخنەگرانی دەوڵەت دەكات و رایدەگەیەنێت؛ هەر چۆن لە دۆسیەی عوسمان كاڤاڵا و سەلاحەدین دەمیرتاش دا دەبیندرێت، حكومەتی ئەردۆغان لە توركیا حیساب بۆ بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ناكات و بۆ كەمكردنەوەی رەخنەكان لەبەرامبەر حكومەت، دەزگای دادوەریی خستووەتە خزمەتی خۆیەوە.
لە ئەنجامدا هەزاران ئەندامی پارتی دیموكراتیکی گەلان "هەدەپە" دەستبەسەركراون. ١٠٨ هاوسەرۆک شارەوانیی هەدەپەش لەئەركەكانیان دوورخراونەتەوە و لەدژیان دۆسیە كراوەتەوە، دەوڵەتی تورك دەیەوێت رێگری لە چالاكیی سیاسی ٤٥١ سیاسەتمەداریش بكات. هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆمار لە توركیا دەستبەسەركردنی ئەندامانی هەدەپە و چالاكوانانی تر رووی لەزیادبوون كردوە.
دەوڵەتی تورك دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانۆستانەكان
پۆدیمۆس داوا لە یەكێتیی ئەوروپا دەكات بەرامبەر بە سیاسەتەكانی دەوڵەتی تورك هەڵوێستێكی جددی دەرببڕێت و ناچاریان بكات بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ كورددا.
ژ.ت