پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر دایکانی شەممە و ١٧ کەس دەستگیرکران

پۆلیس تورک هێرشی کردە سەر دایکانی شەممە، کە دەیانویست لە گۆڕەپانی گاڵاتاسەرا لێدوانێک بدەن و ١٧ کەسیان دەستگیرکرد.

دایکانی شەممە هەموو هەفتەیەک چالاکی بۆ پرسیارکردن لە چارەنووسی ئەو کەسانەی لە کاتی دەستگیرکردنیاندا ونبوون و بێسەروشوێن بوون  ئەنجام دەدەن و داوای دادگاییکردنی بکوژەکانیان دەکەن. چالاکی دایکانی شەممە لە ڕۆژی ٩٤٣هەمین دایە و سەرەڕای بڕیارەکەی دادگای دەستووری بۆ یاسایی بوونی چالاکییەکان، بەڵام پۆلیسی تورک بەردەوامە لە  گەمارۆکانی گۆڕەپانی گاڵاتاسەرا. دایکانی شەممە دەیانەوێت لە گۆڕەپانی گاڵاتاسەرا ڕاگەیەندراوێک بڵاو بکەنەوە. لەم هەفتەیەدا دایکان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کراوەتەسەر و ڕێگرییان لێکراوە.

دایکەکان بە تاجە گۆڵینەوە ڕۆیشتبوون بۆ شوێنی چالاکییەکە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی پێنەدان لە گۆڕەپانی گاڵاتاسەرا نزیک ببنەوە. ژمارەیەکی زۆر پۆلیس بە ناوچەکە و گۆڕەپانەکەدا بڵاوکراونەتەوە. سەرەتا دایکان و ئەو کەسانەی لەگەڵ دایکەکاندا بوون لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران و پاشان پۆلیش هێرشی کردەسەریان و دەستگیری کردن.

لە هەمان کاتدا پۆلیس قەڵغانەکانی خۆی بەرزکردەوە و ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان کرد، کە وێنە و ڤیدیۆی تاوان و پێشێکارییەکانیان  بگرن. جگە لەوەش پۆلیس ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکات، کە لە شوێنەکانی ترەوە لە گۆڕەپانکە نزیکببنەوە.

دایکانی شەممە و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ ئەرەن کەسکین و بە گشتی ١٧ کەس دەستگیرکران و گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەکە. دایکی شەممە خانم تۆسون کاردانەوەی بەرامبەر بە پەلامار و هەڵوێستی پۆلیسەکان لە کاتی دەستگیرکرندا نیشاندا و ڕایگەیاند، "ئەوەی ئێوە دەیکەن نایاساییە." هەرچەندە دایە تۆسون بە پۆلیسی ڕاگەیاند، کێشەی تەندروستی هەیە و دەستیشی شکاوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەکانەوە دەستگیرکرا.

ژ.ت