پەرلەمانتارێکی بەریتانیا: پێویستە OPCW لێکۆلینەوە لەسەر چەکی کیمایی دەوڵەتی تورک بکات

روسل مۆیل پەرلەمانتاری بەریتانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئایا دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە یان نا و ڕەخنەی لە ڕێکخراوی OPCW گرت کە بەپێی چاوەڕوانییەکان ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەنجام نەداوە.

سەرەڕای ئەو راپۆرتە زۆرانەی لە ناوچە جەنگییەكانی كوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لێكۆڵینەوەی پێویست ئەنجام نادات. ئەو ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕێکخراوی OPCW گرتووه‌ و ڕایگه‌یاند که‌ پێویسته‌ به‌ڵگه‌ی زیاتر له‌سه‌ر تاوانه‌ جه‌نگییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا کۆبکرێته‌وه‌ که‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م په‌یوه‌ست به‌ به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاییه‌وه‌ هه‌یه‌.

مۆیل کە هاوکات ئەندامی لیژنەی پەرلەمانە بۆ کاروباری تورکیا و سوریا و پێشەنگە لە دانانی ڕاپۆرتەکان لەسەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی گەلی کورد لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

مۆیل ئاماژەی بەوەکرد، یەكێك لەو راپۆرتانەی پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە، تایبەت بووە بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و تاوانی جەنگ لەلایەن دەوڵەتی توركەوە و رایگەیاندووە، "پەرلەمان ئەم راپۆرتەی قبوڵكرد و دانیشتنێكی لەسەر ئەو پرسە لە ئاستی خوارەوە ئەنجامدا ". ، ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە بۆ پەرلەمان ئاشکرا کرا، بەڵام تا ئێستا دانیشتنێک لەسەر ئەم ڕاپۆرتە وەک بڕگەی سەرەکی بەرنامەی کار لە پەرلەمان نەکراوە، بەداخەوە لە ئێستادا پەرلەمان خەریکی مشتومڕکردنە لەسەر شەڕی ئۆکرانیا. تورکیا لە دۆسیەی سوید و فینلاند دەیەوێت ئیمتیازاتی بەرفراوان لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەتی لە دژی گەلی کورد بەدەست بهێنێت، دەبینین لەم کاتەدا پەرلەمانی بەریتانیا پرسەکانی پەیوەست بە تورکیا دەکاتە رۆژەڤ، نەک تەنها من لە پەرلەمان بەڵکۆ پەرلەمانتارە کۆنەکانیش، باس لە کۆمەڵکوژییەکانی تورک و پرسەکانی پەیوەست بە کورد دەکەن، تا ئەو جێگایەی لە پەرلەماندا دەتوانین هەوڵ دەدەین تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕابردوو و ئێستاشدا بورژێنین.

دەبێ گوێ لە خەڵکی کوردستان بگرن

پەرلەمانتار مۆیل ڕاشیگەیاند، دەبێت لێكۆڵینەوە بكرێت كە ئایا دەوڵەتی تورك چەكی كیمیایی بەكاردەهێنێت یان نا و لە درێژەی قسەكانیدا وتی "بەڵام رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی ئەم لێكۆڵینەوەیە بە پێی چاوەڕوانییەكانمان ئەنجام نادات. راپۆرتی زۆر لەسەر ئەو پرسە هەیە لە ناوچە کوردستانیەکان و باکووری عێراق. بێگومان لە ناوچە جیاوازەکانەوە ڕاپۆرت هەیە کە بە گرنگیان دەزانین، یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان کە دەبێت لەم بابەتەدا بنرێت، ئەوەیە کە پێویستە گوێ لە گەلی کوردستان بگرن. ئەم دۆخە شەڕی ناوخۆیە، بێگومان نابێت چەكی قەدەغەكراو بەكاربهێنرێت و بەدڵنیاییەوە دژی ئەمەین".

لە درێژەی قسەکانیدا مۆیل نیگەرانی خۆی لە فرۆشتنی چەک بە تورکیا دەربڕی و وتی "چەند ساڵێک لەمەوبەر سەردانی باکووری سووریامان کرد و لە ئەنجامدا توانیمان بۆ ماوەیەک فرۆشتنی چەک بوەستێنین. ئێمە سەلماندمان کە دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە هێزە ئیسلامیەکان دەکات و گەلی کورد قڕدەکات، بەداخەوە جارێکی دیکە فرۆشتنی چەک دەستی پێکردووە و دەزانین سویدیش ئەم قەدەغەیەی هەڵگرتووە و چەک بە تورکیا دەفرۆشێت، هیوادارم ئەم دۆخە بەردەوام نەبێت و دەستبەجێ فرۆشتنی چەک بە تورکیا ڕادەگیرێت”.

"پێویستە ناتۆ پەیوەندیەکانی لەبەرچاو بگرێت

بەمەبەستی ڕاگرتنی ئەو شەڕەی کە تورکیا ئەنجامی دەدات و بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، پەرلەمانتار مۆیل وتی، "دەبێت دەوڵەتی تورک هانبدرێت، لەگەڵ کوردەکان لە دەوری مێزێکدا دابنیشێت، دەبێت وا لە تورکیا بکەین واز لە پارانۆیا بوونی بهێنێت سەبارەت بە کورد، گرنگە هێزەکانی ناتۆ بۆ ئاشتی هەوڵ بدات. تورکیا ئێستا لە پێگەیەکی بەهێزدایە، لەلایەن ناتۆوە پارێزگاری لێدەکرێت، بەڵام لەبری ئەوەی کوشتنی خەڵکی تێکەڵ بە پرسەکانی سوید و فینلاند بکات، پێویستە تورکیا ناچار بکرێت لە دەوری مێزێک لەگەڵ کورد دابنیشێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بتوانن ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن، دەمانەوێت بزانین تورکیا لە دۆخێکی مەترسیدار ڕزگاری دەبێت و بووەتە وڵاتێکی سەقامگیر.

ئێمە دەزانین کە ئێستا سەرکردەکانی تورکیا و ڕووسیا و ئێران کۆبوونەوەی زیاتر دەکەن، بابەتی دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە تاوتوێ دەکەن. هیوادارم ئێستا ببینین کە تورکیا لە چوارچێوەی ستانداردەکانی ناتۆدا کاردەکات. هه‌روه‌ها ببینین كه‌ ئێران و ڕووسیا له‌ ناوچه‌كه‌دا كێشه‌ی جددی دروست ده‌كه‌ن. تورکیا خۆی دیموکراسی پێشێل دەکات و ئەم وڵاتانەش لەم بابەتەدا ڕۆڵیان هەیە. بۆ بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ و بنیاتنانی سیستمێکی دیموکراسی لە ناوچەکەدا، پێویستە ئەو هێزانە هاوئاهەنگ و ئاشتیخواز بن. گرنگە گوشار بخرێتە سەر ئەم بابەتە و پەیوەندیی ناتۆ لەگەڵ تورکیا تەنیا بەم شێوەیە دەتوانرێت جێگیر بکرێت.

ڕوسیل مۆیل پەرلەمانتاری بەریتانیا لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، "پەرلەمانمان و ئەنجومەنی لۆردەکان دەتوانن هاوسۆزی ئەو شتانە بن کە بەسەر کورددا دێت و زۆر نیگەرانن. هەروەها یارییە جیۆپۆلەتیکەکانی ناوچەکە زیان بە خەڵک دەگەیەنن، کورد بە تەنها کوژران و بە تەنیا جێهێڵران و مەترسی هەیە. ئێمە لەگەڵ ئێوەین ( خەڵکی کوردستان) و پشتگیریتان دەکەین. دەبێت بەڵگەیەکی زۆر کۆبکەینەوە (مەبەستی تاوانە بە چەکی کیمیایی) و ئەم بەڵگانە لە ڕێگەی تاکەکانەوە بگەیەنینە شوێنە پەیوەندیدارەکان. نەک تەنها لەسەر راگەیاندن، دەبێت لەگەڵ شوێنە گونجاوەکاندا کۆببینەوە. لەم بابەتەدا دەنگمان هەڵبڕین. ئێمە دەزانین کە کورد بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕن و دەزانین کە دەتوانن ئەم دۆخە سەختە تێپەڕێنن. نزا و پشتگیریمان لەگەڵ ئێوەیە”.

ف.ق