پەرلەمانی هۆڵەندا گوشارەکانی سەر هەدەپەى ئیدانە کرد

پەرلەمانی هۆڵەندا گوشارەکانی سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە و هەروەها دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هەدەپەیان ئیدانە کرد.

سەدات کارابلوت پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست لە پەرلەمانی هۆڵەندا بە پرۆژە پێشنیازێک گوشارەکانی سەر هەدەپەى خستە بەرنامەى کاری پەرلەمانی هۆڵەندا. لە گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە پرۆژە پێشینازیەکەوە گوشارەکانی سەر هەدەپە ئیدانە کرا و راگەیاندرا، زیندانیکردنی پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی هەدەپە دەبێتە لەمپەر لە بەردەم دیموکراسیدا.

پەرلەمانتارانی هۆڵەندا رایانگەیاند، گوشار و زیندانیکردنی سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە لە تورکیا دەبێتە لەمپەر لە بەردەم جێبەجێکردنی کار و ئەرکە دیموکراتیکەکانی ئۆپۆزسیۆن.

ئەوەشیان راگەیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەرباری بڕیاری ئازادکردنی لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئامادە نییە ئازادی بکات.

پەرلەمانی هۆڵەندا ئەو هەڵوێستەى دەوڵەتی تورکی ئیدانە کرد و داوایکرد لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپادا دەست بەکار بکرێت بۆ ئازادکردنی سیاسەتمەدارە زیندانیکراوەکان لە تورکیا.

ژ.ت