ڕێپێوانانی ئازادی: گۆشەگیری قبوڵ ناکەین و دەیشکێنین

"رێپێوانی مەزنی ئازادی"ی قەرس بە ئیدیرێ دا تێپەڕی و لە بازید بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا. حوسێن ئۆلان، ئەندامی دەم پارتی لە بەدلیس، وتی: "ئێمە گۆشەگیری قبوڵ ناکەین و دەیشکێنین".

"رێپێوانی مەزنی ئازادیی" کە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد دەستی پێکردووە، لە ڕۆژی سێهەمدا بەردەوامە. ڕێپێوانانی باڵی ڕێپێوانی قەرس لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی لە ئیدر بە چەپڵە لێدان بەرەو شارۆچکەی بازید بەڕێکەوتن. ڕێپێوانان لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە پێشوازییان لێکرا و لە سەنتەری شارەکەدا ڕێپێوانیان کرد. دوای ٣ کیلۆمەتر ڕێپێوان، بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی خوێندرایەوە. لە میانی ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمرالی" و "بمرێ کۆیلایەتی، بژی ئازادی" وترانەوە. لە شەقامەکان دوکاندارەکان لە دوکانەکانیان هاتنە دەرەوە و سڵاویان لە جەماوەری ڕێپێوانان کرد.

'خەونەکانی عەقڵییەتی فاشیست لەناو براون

حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بەدلیس، وتی: "ئەم شارە شارێکی کۆن و خۆڕاگرییە، ئەحمەد خانی وتویە کە پێویستە یەکگرتوو بین، ئەمڕۆ بە ملیۆنان کورد پێکەوە تێدەکۆشین. ڕێپێوانی مەزنی ئازادی کە ئەمڕۆ دەستمان پێکردووە، بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کوردە. ئەم ڕێپێوانە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیریی ڕەهای سەپێنراوی سەر بەڕێز ئۆجالانە، بەو گۆشەگیرییەوە ئاژاوەگێڕی لە هەموو وڵاتدا بڵاو بووەتەوە، ئێمە ئەم گۆشەگیرییە قبوڵ ناکەین و دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت".

هەروەها ئۆلان ڕایگەیاند، لەم شەڕی ٤٠ ساڵەدا، هەموو جۆرە نادادپەروەرییەک بەرامبەر بە کورد کراوە و وتی، ئێوە کوردتان کۆمەڵکوژ کرد و فڕێیاندانە ناو چاڵە ئەسیدەوە(تێزاب)، بەڵام نەتانتوانی کۆتاییان پی بهێنن. وەهمەکانی عەقڵییەتی فاشیست شکێندراون، گەلی کورد واقیعێکە و ناتوانرێت ڕاستییەکانی بشارنەوە، ئەمە ڕێگایەکی دوور و درێژە و ڕێگایەکە کە بەرەو سەرکەوتن دەڕوات، پێویستە هەمووان بزانن کە گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان دەشکێت و چارەسەریی دیموکراسییانە بۆ پرسی کورد بەدەست دێت".

دوای ڕاگەیاندنەکە ڕێپێوانان بەرەو ناوچەی گیادینی ئاگری بەڕێکەوتن.