بە دیمەن

ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە: لە جولەمێرگ یاسای کۆڵۆنیاڵیستی سەپێنرا

لە ڕاگەیاندراوی "ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە" دەستنیشانکرا، کۆڵۆنیاڵیستەکان دەستیان بەسەر شارەوانی جولەمێرگدا گرتووە، هەروەها پەیامی بەرخۆدان دووپاتکرایەوە.

"ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە"ی دەم پارتی دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ، لە ناوچەی ئێلباکی وان بەرەو جولەمێرگ بەردەوامە. ڕێپێوانکەران ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، پانکارتی "ڕێزگرتن لە ئیرادە، ڕێگە بە قەیوم نادەین" هەڵگیرا و بێ وەستان درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی وان، زوڵکوف ئوچار ڕایگەیاند لە کەسێتی هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ محەمەد سدیق ئاکیشدا کودەتا بەسەر ئیرادەی گەلی کورد کراوە، ئەمە بەرئەنجامی زیهنیەتێکی کۆڵۆنیاڵیستی سەد ساڵەیە، گوتی: " سەدەیەکە ئیرادە و هەبوون و ستاتۆ و مافی هەڵبژاردنی گەلی کورد زەوتکراوە. ئەمە ڕێپێوانی ڕێزگرتنە لە ئیرادە دژ بە زیهنیەتی فاشیستی و کۆڵۆنیاڵیستی. لە هەمان کاتدا ئەم ڕێپێوانە دژی گۆشەگیری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیریی هەموو زیندانەکانە. تا ماف و یاسا نەگاتە وڵات، تا ستاتۆی گەلی کورد و زمانی زگماکی بە دەستوور مسۆگەر نەکرێت، تێکۆشان و بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت".

ئوچار ڕایگەیاند چالاکییەکەیان تەنها بە ڕێپێوانکەران سنوودار نییە، دڵی ملیۆنان کەس لەگەڵ ڕێپێوانەکەیە، دووپاتی کردەوە بێگومان بە تێکۆشانی گەلی کورد و دۆستەکانیان دیموکراسی دێتەدی، ساڵیادی کوشتنی ڤەدات ئایدنی لەلایەن ژیتەمەوە بیرهێنایەوە، هەروەها گوتی: "دیسانەوە دووپاتی دەکەینەوە، هاوشانی گەلی جولەمێرگ،بەرخۆدان دەکەین".

پاشان ڕێپێوانکەران بەرەو ناوەندی ناوچەی ئێلباک دەستیان بە ڕێپێوان کرد.