هاوپەیمانی قەیم: پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێم چیتر بێدەنگ نەبن

هاوپەیمانی مەدەنیی قەیم دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بانگەواز لە حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، چیتر بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن".

هاوپەیمانی مەدەنیی قەیم ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و بە توندی شەرمەزاری دەکات، دەڵێت: "سوپای تورک ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە لە بەزاندنی سەروەریی عێراق و لەشکرێشی و بۆردوومانی بەردەوامی پارێزگای دهۆک بەتایبەت شارۆچکەی ئامێدی، تا ئەو ئاستەی بنکەی سەربازی و بازگەی جێگیر و گەڕۆکی داناوە و گوندنشینانی لە زێدی خۆیان ئاوارە کردووە، ئەمەش بیانوو و بانگەشەی حکومەتی تورکی ڕەتدەکاتەوە کە گوایە تەنها بۆ دژایەتی پەکەکە هاتوون".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕەخنە لە بێدەنگی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم گیراوە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان و دووپاتکراوەتەوە تا ئێستە ڕێکاری پێویست نەگیراوەتەبەر بۆ پێشگرتن لە پێشێلکارییەکان.

هاوپەیمانی قەیم لەشکرکێشی و بەزاندنی سەروەریی عێراق لەلایەن سوپای تورکەوە شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "بانگەواز لە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، چیتر بێدەنگ نەبن، هەڵوێستی بەهێز و ڕوون نیشان بدەن بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و بەرژەوەندیی نیشتیمانی، هەروەها ڕاستییەکان دەربخەن، ئایا ئەمە بە ڕازمەندی هەردوو حکومەت ئەنجامدراوە؟".