چالاکی دانیشتن بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە هەموو چوارشەممەیەک لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت، لەم هەفتەیەدا بەردەوام بوو.
لە چالاکییەکەدا، یادی شەڕڤانی یەپەژە ڕۆشنا عەگید کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەی ٢ی ئەیلولدا شەهید بوو، بە خولەکێک بێدەنگی بەرزڕاگیرا.
پاشان بەناوی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک (جەدەکە)، قاسم ئەریک، گوتی: " بەرامبەر هەوڵی دەوڵەتی تورک، کە دەیەوێت گەلی کورد بێ ڕێبەرێتی، بێ ئیرادە و تێکۆشان بەجێبهێڵێت، بەڵێن دەدەین تا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ درێژە بە تێکۆشان بدەین".
هاوسەرۆکی کۆنسەی جڤاکی کوردی دیموکراتیک لە جنێڤ، محەمەد لەتیف چەلەبی، ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانێکە زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە، دووپاتی کردەوە، هێزەکانی نێو پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، بەپرسی یەکەمن لە گۆشەگیری ئیمراڵی، گوتی: "ئەمڕۆ لە بنکی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشور و باکور، گۆشەگیری ئیمراڵی هەیە. ڕێبەر ئاپۆ ئەندازیاری ئاشتی و ئازادییە. دەبێت دەمودەست ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت".
پاش وتەکانی چەلەبی، بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە ڤیستیڤاڵی نێونەتەوەیی چاندی کورد لە ٩ ی ئەیلول لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا.