بە دیمەن

پەیماننامەی لۆزان لە ١٠١ هەمین ساڵیادی خۆیدا، شەرمەزارکرا

کوردستانیان ١٠١ هەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان شەرمەزار دەکەن. کۆمیتەی ڕێکخستنی چالاکییەکە تیشکی خستەسەر هێرشەکانی داگیرکاری و بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوان و گردبوونەوەی ٢٧ ی تەمموز.

لە ٢٤ ی تەمموزی ١٩٢٤ لەڕێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە کوردستان دابەشکرا بۆ چوار پارچە. کوردستانیان لە سویسرا لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠١ هەمین ساڵیادی پەیماننامەکە، ئامادەکاری دەکەن بۆ چالاکی ناڕەزایەتی.

کوردستانیان لە سویسرا بەبۆنەی ١٠١ هەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان ئامادەکاری دەکەن بۆ چالاکی ناڕەزایەتی، ٣٦ پێکهاتەی سیاسی لەنێویاندا یەنەکە و بزووتنەوەی گۆڕان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و کەجەدەکە-ئە و تەژەکە-ئە و فەدا و پژاک و پەیەدە و پیک و ناڤ-دەم و ئینستیوتی کوردی سویسرا، بۆ شەرمەزارکردنی پەیماننامەی لۆزان ڕاگەیاندراوی هاوبەشیان خوێندەوە و بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوان و گردبوونەوەی ٢٧ ی تەمموز، ڕۆژی شەممە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە لۆزان.

"دەوڵەتی تورک هەموو دەسکەوتەکانی کورد دەکاتە ئامانج"

کۆمیتەی ئامادەکار پاش کۆبوونەوەیان ڕاگەیاندراوێکیان لە ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد خوێندەوە، ئاماژە بەوە کرا دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵ دەدات هەموو دەسکەوتەکانی کوردان بسڕێتەوە.

لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکار، هاوسەرۆکانی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسرا (جەدەکە-سە)، جەمال ئۆزدەمیر و دیلان چەتین کایا بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەکە.

چەتین کایا ڕایگەیاند داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان قبووڵ ناکەن و بەبۆنەی ١٠١ هەمین ساڵیادی لۆزانەوە دەبێت کوردان دژی ئەم داگیرکارییە یەکبگرن.

"پەیماننامەی کۆمەڵکوژی و ستەمە"

ئۆزدەمیر داوای کرد کوردان و دۆستەکانیان بەشداربن لە شەرمەزارکردنی ئەو پەیماننامەیەی بێجگە لە کۆمەڵکوژی و فرمێسک و ستەم هیچ سوودێکی بۆ گەلی کورد نەبووە.

ڕێپێوانەکەی لۆزان لە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە پلاس دێس پیۆنیرێس دەست پێ دەکات. پاشان لە گۆڕەپانی چاتیاو ئۆچی لە نزیک چەمی لێمان کە پاش واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان تێیدا ئاهەنگ گێڕدرا، گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت.