بە گێڕانەوەکانی ڕامۆن مانتۆڤانی ڕۆژانی ڕێبەری گەلی کورد لە ڕۆما-٢

"ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهاندا رێبەرێکی راستەقینە بوونی هەبێت، کە هاوتای نێلسۆن ماندێلا بێت، ئەویش سەرۆک عەبدوڵا ئۆجالانە.ئازادی ئەو دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت".

سیاسەتمەداری ئیتاڵیایی رامۆن مانتۆڤانی کە ئەو کات ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئیتالیا بوو، لە فڕۆکەی روسیا- رۆما لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندابوو، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات باس لەو رۆژانی رێبەری گەلی کورد لە رۆما و قۆناغی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و بەدیلگیرانی دەکات.

٢٥ ساڵە بەدیلگیرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی لە هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدا بەردەوامە، هێزە نێونەتەوەییەکان لەم هەلومەرجە و قۆناغی بەدیلگیرانە بەرپرسیارن. عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لەپێناو قۆناغێکی ئاشتی و داناوستان سوریای جێهێشت، پانۆڕامای سیاسی لەنێوان ئەو رێککەوتە و ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ی، کە لە نایروبی پایتەختی کێنیا رفێندرابوو وەک "پیلانگێڕیی لەخاچدان و چوارمیخ" هەڵسەنگاندبوو.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا چووبووە مۆسکۆ، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ بە فرۆکەی هێڵی ئاسمانی رووسی لە فرۆکەخانەی لیۆناردۆ داڤینچی لە رۆما دابەزیبوو. لە رۆما قۆناغێکی دژواری ٦٦ رۆژە چاوەڕێی ئۆجالانی دەکرد. بۆ ئەوەی پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت ئیتالیای وەک شانس و دەرفەتێک بۆ ئاشتی و دانوستان دانا.

لە رۆژی گیرانی عەبدوڵا ئۆجالانەوە تائێستا زۆر جار باس لە رۆڵی ئیتالیا لە پیلانگێریدا کراوە. ئەو کاتە هەندێک دەیانگووت، حکومەتی ئیتالیا بە سەرۆکایەتی ماسیمۆ دالێما رۆڵی خۆی لە پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا جێبەجێ نەکردووە، هەندێکیش رەخنەی ئەوەیان لە حکومەتی ئیتالیا دەگرت، کە لە پێناو مانەوەی ئۆجالان لەو وڵاتە، بە ئازایەتیەوە مامەڵەی نەکردووە. لە راستیدا لە ١٦ی کانونی دوەمی ١٩٩٩ کە عەبدوڵا ئۆجالان ئیتالیای جێهێشت قۆناغی بە دیلگیرانی دەستیپێکرد.

لە پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیاوە، کە بەر لەو قۆناغە و دوای ئەو قۆناغە یەک لە شایەتحاڵان و گەواهیدەرانی رۆژانی مانەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە رۆمابوو، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ لە گەشتی مۆسکۆ-رۆما لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان چووبوو بۆ فرۆکەخانەی مۆسکۆ. بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە، زۆر پێداگری کرد، ئەو کەسە پەرلەمانتاری پارتی سەرلەنوێ بونیادنانەوە کۆمۆنیستی ئیتالیا و ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئیتالیا رامۆن مانتۆڤانی بوو. رامۆن مانتۆڤانی وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەمانی دایەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان سەرباری داوای وەرگرتنی مافی پەنابەری سیاسیش ناچار بوو کە ئیتالیا جێبهێڵێت. قۆناغی دواتر بووە مایەی بە دیلگیرانی لە کینیا. ئۆجالان لە لێدوانەکانی دواتریدا لەبارەی بە دیلگیرانی ئو دۆخەی وەک پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی خۆی ناودێر کردبوو. ئێوە لەو بارەوە چۆن بیر دەکەنەوە؟

بەتایبەتی هێزەکانی وەک ئەمریکا و ئەو کۆمپانیا فرەنەتەوانەی دەیانەوێت بەردەوام بن لە تاڵانکردنی سامانی کوردستان، پارتە سیاسیەکان کە دۆستی تورکیان (با لەبیری نەکەین لەو کاتەدا ئەجەڤیت سەرۆکی پارتێکی ئەندامی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بوو)، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک کە تورکیایان وەک کڕیارێکی گرنگ دەبینی، بۆ ئەوەی رێگری لە سەرخستنی پێشنیازەکانی پەکەکە بۆ ئاشتی بکەن، لە ناو خۆیاندا یەکیان گرت، بۆیە لەم رووەوە تەواو قسە و هەڵسەنگاندنەکەی سەرۆک پشتڕاست دەکەمەوە و هاوڕام لەگەڵیدا.

کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئیتالیا، گوشاری ئاشکرا و  شاراوەی حکومەتی ئەمریکا کە من پێشتر باسم کردبوو، لەگەڵ گوشارەکانی سەر حکومەتی دالێما لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئیتاڵیاوە بە جۆرێک بوو کە لە حکومەتی خۆیان زیاتر، دڵسۆزی فەرمانەکانی ئەمریکا بوون. من ئەو دۆخەم لە قسەکانی سیاسەتمەداران و لە هەمان کاتدا نوێنەرانی حکومەتی ئیتاڵیا بیست کە بۆیان باس کردم.

هەموو ئەوانەی مێژووی کۆماری ئیتالیا دەزانن، هاوشێوەی زۆر دۆسیەی تاوانکاری ئاگادارە کە دەزگاکانی دەوڵەت لە ساڵانی ١٩٦٠، ١٩٧٠ و تا ١٩٨٠ لە ئامادەکردنی هێرشی تیرۆریستی بۆ رێگری لە گەیشتنە دەسەڵاتی پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا، هاوکاری سی ئای ئەیان دەکرد. لەبەر ئەوە لەم دۆخەدا مایەی سەرسوڕمان نییە کە سی ئای ئەی کەسانی سەر بە خۆی بە کارهێنابێت.

دوای گوشارەکانی دەوڵەتی ئیتاڵیا، ئەو کەسانەی بە نوێنەرایەتی حکومەتی دالێما پەیوەندییان بە ئۆجالانەوە کردبوو، راستەوخۆ گوساریان خستبووە سەر ئۆجالان کە ئەو وڵاتە جێبهێڵێت. ویستیان بە زمانێکی راستەوخۆ ئەو گوشارە بگەیەنن، ئەمەش دوابەدوای ئەوەی ئیتالیا داواکاری تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی رەتکردبووەوە. بە گوێرەی پەیمانی هاوکاری لە دژی تیرۆر کە ساڵانی ١٩٧٠ لە نێوان ئیتالیا و تورکیا واژۆکرابوو و دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ لە تورکیا هەرگیز هەڵنەوەشابووە، هەر دادوەرێکی ئیتاڵی دەیتوانی فەرمانی گرتن بۆ ئۆجالان دەربکات. هەروەها هەڕەشەی گرتنیشیان لە ئۆجالان کرد، کە ئەمەش لەلایەن یەکینەکانی تایبەتی پۆلیسی ئیتاڵیاوە رێکخرابوو.

دوای ئەو دۆخە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان قسەم کرد و وەک پارێزەرێک بۆم باس کرد کە گرتنەکەی کورت خایەن دەبێت و دادگا بێتاوانی دەسەلمێنێت. من هیچ پێشنیازێکم نەخستەڕوو، لە بەر ئەوەی دەبوایە پەکەکە و ئۆجالان بڕیاریان بدایە.

ئەگەر راستەوخۆش تێبینی و روانینی من وەربگیرایە، لەبەر ئەوەی بژاردە و ئەڵترناتیڤە گریمانەییەکانی بەردەم پەکەکەم نەدەزانی، من نەم توانی را و پێشنیازەکانم بڵێم. گفتوگۆیەکی درێژ بوو کە ئۆجالان پێداگری لە سەر هەندێک بابەت کرد. هەروەها دڵنیابوو لەوەی کە گرتنی ئەو و شکستی دەستپێشخەرییەکانی بۆ دانوستان، جگە لە ئاسایش و سەلامەتی کەسیی ئەو، لەلایەن گەلی کوردەوە وەک شکستی کۆتایی لێکدەدرایەوە و بێگومان ئەمەش مەیل و کردەوە نائومێدکارانەی زیاتر پەرە پێدەدا.

لەبەر ئەوە دەیویست کە ئیتالیا جێبهێڵێت و بە دوای بژاردە و ئەڵترناتیڤی دیکەدا دەگەڕا. دوای دیدارەکەم لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان، نوێنەرانی پێشەنگی پەکەکە ویستیان چاویان بە من بکەوێت و بە منیان وت کە بە گوێرەی پەیوەندی خوشک و برایەتیمان، پەکەکە خواستی ئەوەیە هەیە کە سەرۆک ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە. لەسەر ئەوە من بەوانم وت، کە ئەگەر ئەوە سودبەخش بێت دەتوانین بە سەرۆککۆمار بڵێین پارتەکەمان وەک پەکەکە بیر دەکاتەوە و باشترین بژاردە ئەوەیە کە ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە.

من دەزانم کە رۆیشتنی سەرۆک لە ئیتالیا بە هاندان و پشتیوانی حکومەتی دالێما بوو. دواتر بەڕێوەبەرانی پەکەکە ئەو شتانەیان بۆ باس کرد کە روویانداوە. نە من و نە هیچ کەسێک لە پارتەکەم بە هیچ جۆرێک لەگەڵ قۆناغی رۆیشتنی سەرۆک لە ئیتالیا نەبووین.

وەک من تێگەیشتم سەرۆک دوای مانەوەی لە ئیتالیا و لە هێنانە بەرباسی گرنگی دۆزی کورد لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، گەڕایەوە بۆ رووسیا. لەسەر بنەمای هەواڵ و زانیاریی بێ بنەما کە گوایە هەلومەرج بۆ پێدانی مافی پەنابەری و پشتیوانی لە پێشنیازەکانی دانوستان، هاتوونە ئاراوە، گەڕایەوە بۆ رووسیا.

دواتریش بە هۆی مەترسی سەر ژیانی خۆی و ئەگەری گرتنی ناچار بوو کە جارێکی دیکە رووسیا جێبهێڵێت. دوای گەشتێکی کورت، لەگەڵ حکومەتی یۆنان رێککەوتن کرا کە لە وڵاتێکی سێهەم لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە ژێر پاراستنی دیپلۆماتیکدا بمێنێتەوە و لەماوەیەکی کورتدا مافی پەنابەری پێبدرێت. بە راستی سەرۆک وەک ئەوەی پلانی بۆدانرابوو گەیشتە باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا. سودی لە تایبەتمەندی دیپلۆماتیکی باڵیۆزخانەکە وەرگرت. راستەوخۆ ئەوە دەزانم، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە جولیانۆ پیساپیا کە پارێزەری ئۆجالان بوو دەرفەتی بۆ رەخسابوو کە بچێتە نایرۆبی و لە باڵیۆزخانە چاوی بە ئۆجالان بکەوێت.

بەڵام لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا حکومەتی یۆنان فەرمانی بە باڵیۆزی خۆی کردبوو، کە ئۆجالان لە باڵیۆزخانە بباتە دەرەوە.

وەک ئەوەی بە من وترا، یەکینەی کۆماندۆ کە لە سیخوڕەکانی تورک و دەزگا هەواڵگرییە نهێنیەکانی دیکە پێکدەهات، لە دەرەوە چاوەڕێی ئەوبوون، بە شێوەیەکی نایاسایی رفاندیان و بردیانەوە بۆ تورکیا. بەهۆی ئەو رووداوەوە سێ وەزیری یۆنانی کە کارئاسانیان بۆ ئۆپراسیۆنەکە کردبوو ناچار بوون دەست لەکاربکێشنەوە. کە وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆیان لەناودابوو.

بە ڕای ئێوە حکومەتی ئیتاڵیا لەو کاتەدا و وڵاتانی دیکە لە گرتنی ئۆجالاندا بەرپرسیارن؟ ئەگەر حکومەتی ئیتالیا بیویستایە، ئایا ئۆجالان دەیتوانی لە ئیتالیا بمێنێتەوە، یاخود بۆ ئەوەی ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە دەبوایە چی بکرایە؟

لەو بڕوایەدام کە کاتێک مرۆڤ هەلومەرجی سەردانی ئۆجالان بۆ رۆما لەبەرچاوبگرێت و بە گشتی لە گەڵ بێچارەسەری یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر پرسی کورد دایبنێت، دەبینین کە بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان هەیە. بەپێچەوانەوە، لەژێر فشاری ئەمریکا و تورکیادا، پەکەکە نەتوانرا بخرێتە نێو لیستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کە ئیتالیا لەدوای هێرشەکانی قاعیدە لە نیویۆرک ئامادەی کردبوو، بەبێ هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی و حکومەت (ئیتالیا نەیتوانیوە ئەو جۆرە قەبوڵ بکات، بڕیارێک بەهۆی ئەو بڕیارەی پەرلەمانەوە کە پێشتر باسم کرد و ئەو هەڵوێستەی گرتبووی ).

ئەوەی دژیەکی و پارادۆکسێکە کە لەمرۆشدا پەکەکە کە تاکە رێکخراوە کە لە سوریا لە دژی داعش دەجەنگێت، لە ئەوروپا بە فەرمانی وڵاتێکی وک تورکیا کە لە دژی داعش هیچی نەکردووە، ستەمی لێدەکرێت. ئەوە سروشتی راستەقینەی یەکێتی ئەوروپا نیشان دەدات.

حکومەتی دالێما بەهۆی دۆخی مێژووییەوە لە دەریای ناوەڕاستیش بۆ قۆناغی ئاشتی و سیاسەتی دەرەوە کە بۆ ئیتالیا گونجاو بێت، دەرفەتی پێش خستبوو. دیالۆگ و دانوستان دەیوانی ئەنجام بدرێت. لەبەر ئەوەی ئەو مامەڵە و دانوستانەی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی ئەردۆغان هاتنە ئاراوە، بە شێوەیەکی رون بە هۆی رۆڵ و قورسایی سیاسی سوپای تورکیاوە نەگەیشتنە ئەنجام.

تەنانەت بە بڕوای من هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦ و پاکتاوکردنی هەندێک بەڕێوەبەری باڵای هێزە چەکدارەکان لە تورکیاش پەیوەندی بەو هەڵوێستە گریمانەییەی حکومەتی ئەردۆغانەوە هەبوو، بۆ ئەوەی ئۆجالان دانوستانیان لەگەڵ بکات.

نابێت لەبیر بکرێت کە بەر لەوەی سەرۆک لە ئیتالیا بچێتە دەرەوە، ماسیمۆ دالێما و وەزیری دادی ئەو کات ئۆلیڤێرۆ دیلیبێرتۆ دوو لێدوانی رۆژنامەوانیان دا و وتیان حکومەت دەسيڵاتی ئەوەی نییە مافی پەنابەری سیاسی بدات و تەنیا دادگا ئەو دەسەڵاتەی هەیە.

ئەوەش درۆیەکی دیکەیە. هەموان دەزانن کە لە دۆخی ئۆجالاندا، دەوڵەت پەنابەری و پاراستنی دابین دەکات و تەنیا لە دۆخێکدا کە ناکۆکی هەبێت، دەسەڵاتی دادوەری راوەستەی لەسەر دەکات. هەروەها چەند کاتژمێر دوای لێدوانەکانی دالێما و دیلیبێرتۆ سێ وەزیری دیکە، وەزیری دەرەوە لاممبێرتۆ دینی، وەزیری بەرگریی کارلۆ سکۆگنامیگلیۆ و وەزیری بارگانی پیەرۆ فاسینۆ بە دووبارەکردنەوەی قسەکانی دالێما و دیلیبێرتۆ وەڵامیان دایەوە کە 'حکومەت ناتوانێت مافی پەنابەریی سیاسی بدات'. وتەی ئەو سێ وەزیرە لەبارەی نەبوونی مافی حکومەت بۆ پێدانی پەنابەری سیاسی و لێدوانی هەرسێکیان لەو بارەوە بابەتێکی سەیرە.

ئەوەشی کە هیچ رۆژنامەنووسێک کە بە گشتی بەدواداچوون کە ناکۆکی و ناتەباییەکان لە قسەکانی سیاسەتمەداران دەکەن، بەدواداچوونیان بۆ ئەو لێدوانانە نەکرد، ئەوەش بابەتێکی سەیرە.

عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵییە، ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە لەبەردەست نییە. دەوڵەتی تورک کە هەموو مافەکانی لە عەبدوڵا ئۆجالان زەوت کردووە، گۆشەگیری چڕ بەسەر ئۆجالاندا دەسەپێنێت. ئێوە چۆن ئەم گۆشەگیرییە هەڵدەسەنگێنن؟

دەوڵەت و حکومەتی تورک لە ئۆجالان دەترسێت کە تائێستاش بە بێ مشتومڕ رێبەری بێهاوتای گەلی کوردە. گۆشەگیری کردەوە نامرۆڤانە لە زیندان، سروشتی فاشیستی دەوڵەتی تورک نیشان دەدات. دەبێت سەفەربەری و ئامادەباسی نێونەتەوەیی لە پێناو ئازادی ئۆجالان بە هەموو جیهاندا بەرفراوان بکرێت. دەوڵەتی تورک چەندە بە هێزیش بێت پشتیوانی لە ئەمریکا و ئەوروپاش وەربگرێت، بەڵام هۆش و ئەندێشەکان لای گەلی کورد و سەرۆک ئۆجالانن.

دەتوانەوێت لەبارەی رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەری پرسی کورددا چی بڵێن؟

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە رێگەی دانوستانەوە دەبێت سەرۆک ئۆجالان وەک مرۆڤێکی ئازاد رۆڵی سیاسی بگێڕێت. وەک ئازادی نێلسۆن ماندێلا کە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاپارتاید و دەستپێکردنی قۆناغی دیموکراتیکبوونی ئەفریقای باشوور پێویستی بوو.

ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهاندا رێبەرێکی راستەقینە، هاوشێوەی نێلسۆن ماندێلا بوونی هەبێت، ئەویش سەرۆک ئۆجالانە. رزگارکردنی ئەو دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و قۆناغێکی ئاشتی جێگەی متمانە دەستپێبکات و بە بەشداری وڵاتانی خاوەن تایبەتمەندی سیاسی و ئەخلاقی، دەتوانێت رۆڵێکی یەکخستن و یەکانگیر بگێرێت.

رامانی سیاسی، نوسین و رامانەکانی ئۆجالان نەک هەر بۆ دۆزی کورد، بۆ تەواوی چەپەکانی جیهان و هەموو گەلانی ئازاد و ئەو گەلانەی بۆ ئازادی خۆیان تێدەکۆشن، پاڵپشتییە. شۆڕشی ژنان-ی ئۆجالان کە لە ناو گەلانی رۆژئاوادا هاتووەتە کایەوە، پاڕادایمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و مامەڵەی دەوڵە هەژموونگەرا جیهایەکان کە لە ئەزمونی گەلی رۆژئاوادا بەدی کرا، دەبێت لە سەر ئاستی گەردوونی هەڵبسەنگێندرێت. دەبێت هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکانی جیهان بە قووڵی لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو تیۆریانە بکەن.

هـ . ب