رێستێلینی: پێویستە سی پی تی راگەیەندراو بدات یاخود بیر لە سەردانکردنەوەی ئیمراڵی بکاتەوە

د. ژان پیەر رێستێلینی کە سێ جار چووبووە ئیمراڵی باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی مایەی قەبوڵکردن نییە و وتی، پێویستە سی پی تی لەبارەی تورکیاوە راگەیەندراو بدات یاخود دەبێت بیر لە رێکخستنی سەردانێکی دیکە بۆ ئیمراڵی بکاتەوە.

٢٥ ساڵە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەناو هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدا زیندانی کراوە و بە هیچ شێوەیەک زانیاری لەبارەیەوە نازانرێت. دەوڵەتی تورک سەرباری ئەوەی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکاندا هەوڵ دەدات لە رێگەی سزای 'دیسپلین' پاساو بۆ قەدەغەکردنی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکان بهێنێتەوە و بە زۆر رەوایەتی پێبدات، بەڵام پسپۆرانی بوارەکە جەخت لەوەدەکەنەوە کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی پێشێلکردنی یاسایە.

کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی)ش لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییەی لە ئیمراڵی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێت، بێدەنگە و بەم جۆرە هاوکار و بەشدارە لە گۆشەگیریدا.

ئەندامی پێشووی سی پی تی د. ژان پیەر رێستێلینی سەبارەت بەو بابەتە قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە بە گوێرەی پێوەرەکانی سی پی تی گۆشەگیری توندکراو مایەی قەبوڵکردن نییە و وتی، "لە ئیمراڵی زیاتر لە ٤٠ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک بەردەست نییە، ئەوە نیشانەی کێشەیەکی گەورەیە. دەبێت هەر هیچ نەبێت سی پی تی لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەیدا روانگەی خۆی بخاتەڕوو و دەوڵەتیش وەڵامێک بداتەوە. بەڵام کاربەدەستانی تورک وەڵام نادەنەوە. بە گوێرەی پەیماننامەکە تا دەوڵەت لێدوان و راگەیەندراوی نەبێت سی پی تیش ناتوانێت راپۆرتەکەی بڵاوبکاتەوە. ستراتیژیەک دژوارە، بەڵام دەوڵەتانی لێپرسراو ستراتیژێکی بەو جۆرەیان دیاری کردووە. من پێشتریش وتبووم، هەندێک وەڵات لەوانەیە ماوەیەکی زۆر یاخود چەند ساڵ وەڵام نەدەنەوە".

'بۆ ئەوەی زانیاری لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەرنەگیرێت، هەموو رێگەیەک تاقیدەکەنەوە'

رێستێلینی دەستنیشانی کرد کە رێگریی لە دیدارەکان لەگەڵ پاڕێزەران و بنەماڵە و پچڕاندنی پەیوەندی مایەی قەبوڵکردن نیین و رایگەیاند: "بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەرنەگیرێت، دەوڵەتی تورک رێگەی جیاجیا تاقیدەکاتەوە. ئێمە نازانین کە عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ هەر سێ زیندانیەکەی دیکە قسە دەکات یان نا. ئەوە دۆخێکی مایەی نیگەرانیە، بە دڵنیاییەوە. ئێوەش هێندەی من دەزانن کە تورکیا دەیەوێت ئۆجالان 'بخنکێنێت' و بۆ ئەوەی بەر بە پەیوەندییەکانی ئەو بگرێت، هەموو شتێک دەکات. بۆ ئەوەی زانیاری نەچێتە دەرەوە دیدارەکانی لەگەڵ هەر سێ زیندانەکانی دیکەش پچڕاندووە. بۆ ئەوەی بەر بەوە بگیرێت، زیندانیانی دیکەش گۆشەگیر دەکات. بێگومان ئەوە مایەی قەبوڵ کردن نییە. بەرای من هەموان لەم رووەوە هاوبیروڕان.

'گۆشەگیری رێگە لەبەردەم کێشەی گەورەی تەندروستی دەکاتەوە'

رێستێلینی، باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری توندکراو رێگەی لەبەردەم کێشەی تەندروستی قورس کردووەتەوە و بەمجۆرە دوا: "لەبەر ئەوەی هەندێک زیندانی بە تەنیا دەمێننەوە و پەیوەندییان بە تەواوەتی دەپچڕێت، لەگەڵ دیوارەکان قسە دەکەن. من هەندێک زیندانی دەزانم، بۆ پاراستنی مێشکی خۆیان ناچارن ئەوە بکەن. ئەوە قۆناغێکی داڕووخانی دەروونیە. لە قۆناغی دواتردا کێشەی قورسی تەندروستی دێنە ئاراوە. نابێت بە هیچ جۆرێک گۆشەگیری رەها ئەنجام بدرێت. هەر هیچ نەبێت دەبێت پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیان هەبێت.  وەک پێوەر و پێودانگ دەبێت پەیوەندیکردن بە پارێزەرەوە مسۆگەر بکرێت. بەڵام ئەگەر چەندین هەفتە و مانگ و ساڵ لە ژوورێکدا بە تەنیا زیندانی بکرێن و دیدار لەگەڵ پارێزەران ئەنجام نەدرێت، بە دڵنیاییەوە دۆخێکە کە مایەی قەبوڵکردن نییە. بە دەربڕینێکی دیکە، دەبێت گۆشەگیری رەها بە هیچ جۆرێک ئەنجام نەدرێت".

'سی پی تی دەتوانێت لەسەر هەڵوێستی تورکیا لێدوان و راگەیەندراوی هەبێت'

ژان پیەر رێستێلینی وتی، "وەک ئێمە باسمان کرد، ئەوەی دەبێت نوێ بکرێتەوە لەسەر هەڵوێستی تورکیا راگەیەندراو بدرێت. من لەگەڵ هاوپیشەکانم لە سی پی تیش قسە دەکەم. دەبێت لەبارەی سەردانی ئەم دواییە راگەیەندراو بدرێت. ئەو هەڵوێستەی تورکیا لە ئەنجامی پێشێلکردنی خەباتەکانی سی پی تیدایە. دەتوانن لێدوان و راگەیەندراوی بەم جۆرە بدەن و بڵێن 'ئێمە ناتوانین دوایین راپۆرتمان لەسەر دۆخی ئیمراڵی بۆ رای گشتی رابگەیەنین، لەبەر ئەوەی تورکیا هیچ وەڵامێک ناداتەوە".

'دەبێت سی پی تی بیر لەوە بکاتەوە کە جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە'

رێستێلینی لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕوو کە سی پی تی دەتوانێت بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان جارێکی دیکە بچێتە سەردانی ئیمراڵی بکات و وتی، "سی پی تی دەتوانێت سەردانێکی نوێ رێکبخات. ئەویش دەتوانێت ببێتە چارەسەرێکی نوێ. ئەگەر من بوومایە، من بژاردەم ئەوە دەبوو کە جارێکی دیکە بە چاوی خۆم دۆخەکە ببینم. گرینگە داوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتی ئەم دواییە بکەن. بەڵام ئەوە ماوەیەک تێپەڕبووە و ئێمە دۆخی هەنوکەیی نازانین. بۆیە باشتر جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی بکەنەوە".

*ژان پیەر رێستێلینی کێیە؟

ژان پیەر رێستیلینی پزیشک و مافنای سویسریە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجە وەک پسپۆر کاری کردووە. رێستیلینی کە ماوەیەکی زۆر سەرۆکی فەرمانگەی پزیشکی زیندانەکانی جنێڤ بووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٥ بەشێوەی هاوکات لە ناو سی پی تیدا سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی نەتەوەیی رێگریی لە ئەشکەنجەی سویسڕاشی کردووە.

ژان پیەر رێستێلینی لە چوارچێوەی کارەکانی لە سی پی تی سەردانی سەدان زیندانی لەسەرتاسەری جیهان کردووە، بەتایبەتی زیندانی ئیمراڵی کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەوێ زیندانییە و کتێبێکی بە ناوی "یاداشتەکانی گەشتی پزیشکێک کە لە زیندانەکانی ئەوروپا چاودێری تەندروستی کردووە".

هـ . ب