سەباحەت تونجەل: تا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، ئێمە ئازاد نابین

سیاسەتمەدار سەباحەت تونجەل ڕایگەیاند لە ئیمراڵی ڕژێمێکی تایبەت پیادە دەکرێت، گوتی: "تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان بێت، ئێمە ئازاد نابین".

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ئەزمیر و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە بەشداری سیاسەتمەدار سەباحەت تونجەل و پەرلەمانتاری دەم پارتی دەرسیم ئایدن لەسەر بابەتی "دژی گۆشەگیری تێکۆشانی ئازادی دەکەین، دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە، پێشەنگی ئاوەدانکردنەوەیەن"، گفتوگۆیەک ڕێکخرا.

بەرنامەکە لە هۆڵی ژن ئارت ڕێکخرا و زۆر کەس بەشداری گفتوگۆکە بوون، خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانبەختکردووانی ئازادی بەڕێوەچوو.

پەرلەمانتاری دەم پارتی دەرسیم ئایدن  تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و ڕایگەیاند تێکۆشان دژی گۆشەگیری بەردەوام دەبێت، گوتی: "هەموو کارە دژە دیموکراتیکەکان، لەگەڵ گۆشەگیری دەستیان پێ کرد. گۆشەگیری ئیمراڵی لە هەموو بەشێکی جڤاک بڵاوبووەتەوە. پێویستە لە سەدەی دووەمدا سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاو هەڵوەشێتەوە، گەر نا، تورکیا دیموکراسی بەخۆیەوە نابینێت. پێویستە ڕۆڵی سەرەکیمان هەبێت لە تێکۆشاندا".

"پێویستە ئەم سیستەمە نەهێڵین"

سیاسەتمەدار سەباحەت تونجەل گوتی: "تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان بێت، ئێمەش ئازاد نابین. تا ئەم سیستەمە هەڵنەوەشێنینەوە، ئازادی و ئاشتی نایەتە تورکیا. ناوەندی شەڕی تورکیا و سیاسەتی چارەسەرنەکردن زیندانی دوورگەی ئیمراڵییە. لە ئیمراڵی ڕژێمی تایبەت بەڕێوەدەبریت. تا پرسی کورد بەڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت، بەردەوام قەیران ڕوو لە تورکیا دەکات. دەوڵەت دەیەوێت ڕێگاکانی سیاسەتی دیموکراتیک دابخات. ئەگەر ئەم ڕێگایە دابخرێت، توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە. کورد توندوتیژیی ناوێت، دەوڵەت توندوتیژی دەوێت. وەک چۆن کورد دەڵێت "دیموکراسی، ئاشتی، ئازادی"، دەوڵەتیش دەڵێت "تۆ تیرۆریستی، ناتوانی داوای ئەمانە بکەیت"، "تیرۆر لە بنەڕەتدا دەستبەسەرداگرتنی زمان و ناسنامە و مافە کەلتوورییەکانی کوردە. نکۆڵی لە هەبوونی مرۆڤەکان تاوانی هەرە مەزنە دژی مرۆڤایەتی".

"با سەرەتا خۆمان ئازاد بکەین"

سەباحەت تونجەل گوتی: "وەک ژنانی ڕێکخراو، با سەرەتا خۆمان ئازاد بکەین، ئەوکات جڤاک ئازاد دەکەین. لەگەڵ هەبوونی ترس و فشار و گرتن، پێویستە سەردەمێکی نوێ دەست پێ بکەین".

پاش پرسیار و وەڵامەکان، بەرنامەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.