سەبرا رەزایی: گۆشەگیری ئەشکەنجەیە، دەبێت کۆتایی پێبهێنین

سەبرا رەزایی، ئەندامی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی ژنان ڕایگەیاند، گۆشەگیرکردنی مرۆڤەکان شێوازێکی ئەشکەنجەدانە. وتیشی: "حکومەت و دەسەڵات گۆشەگیری بەکاردەهێنن، دەبێت کۆتایی پێبهێنین".

سەبرا رەزایی، ئەندامی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی ژنان کە ناوەندەکەی لە کەنەدایە، لەبارەی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەی کرد.

رەزایی بەبیری هێنایەوە، کە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە لە ژووری تاکەکەسیدا بەدیل گیراوە و مافی دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی لێ زەوت کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورک زۆرجار ئەو شێوازی گۆشەگیرییەیی بەکارهێناوە و جەختیشیکردەوە، ڕاگرتن و هێشتنەوەی مرۆڤ لە ژووری تاکەکەسیدا نموونەی ئاشکرای ئەشکەنجەیە.

سەبرا رەزایی هەروەها دەستگیرکردنی مەروان بەرغوسی لەلایەن ئیسرائیل و زەینەب جەلالیان و لە دوایین نموونەشدا دەستگیرکردنی وریشە مورادی لەلایەن ئێرانەوە بەبیرهێنایەوە و وتی: لە کۆمەڵگایەکدا کە کەمترین مافەکانی مرۆڤی بوونی هەبێت، دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی چارەسەر نییە.

لە کۆتاییدا ئەندامەکەی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی ژنان دووپاتیکردەوە، گۆشەگیرکردنی مرۆڤەکان و زەوتکردنی مافەکانیان شێوازێکی ئەشکەنجەدانە و وتی: "حکومەت و دەسەڵات گۆشەگیری بەکاردەهێنن، دەبێت کۆتایی پێبهێنین" .