بە دیمەن

شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا کۆبووەوە

سەردانە دیپلۆماسییەکانی شاندی دەم پارتی بەردەوامە، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری دەربارەی کۆبوونەوەکان زانیاریدا و ڕایگەیاند پێویستە تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات.

شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا لە ٣٠ ئاب و ٤ ی تشرینی یەکەم، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا زنجیرە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری، وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان، جێگری هاوسەرۆکی گشتی بۆ پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکانی دەم پارتی ئۆزلەم گوندوز، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) بەردان ئۆزتورک و پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە، ئیبراهیم یەڵماز لە شاندەکەدا بوون.

کۆبوونەوەی سێ ڕۆژەی شاندەکە کۆتایی هات، لە ڕۆژی کۆتاییدا لەگەڵ سکرتێری گشتی کۆنسەی ئەوروپا ئالان بێرسێت کۆبوونەوەیەکیان دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدا.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری: پێویستە تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری دەربارەی کارەکانیان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا زانیاریدا و ڕایگەیاند لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا پیدرۆ ئاگرامونت و سەرۆکی کۆمیتەی چاودێری پەرلەمان و سەرۆکی گرووپی چاودێری و بەڕێوەبەری پەیوەندییە سیاسییەکان و دەرەوەی کۆنسەی ئەوروپا، بەڕێوەبەری گشتی مافەکانی مرۆڤ و کاروباری یاسایی کۆنسەی ئەوروپا کۆبوونەتەوە. تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە دەکات.

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند پرسەکانی وەک دۆزی کۆبانێ و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و کێشەکانی تری تورکیا باسکراون، داوای لە تورکیا کرد بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات.

هەروەها ڕایگەیاند دانانی قەیوم لە شارەوانییەکان تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکان بووە، دانانی قەیوم نایاساییە و مافی هەڵبژاردن و دەنگدانی هاوڵاتیان پێشێل دەکات.

"پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان چاوی بە پارێزەران و بنەماڵەکەی بکەوێت"

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند تەوەرێکی کۆبوونەوەکە پەیوەست بووە بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە نزیکەی ٤ ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە و ڕێگە نادرێت چاوی بە پارێزەران و بنەماڵەکەی بکەوێت. ڕایگەیاند ئەمە پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانە، گوتی: "وەک دەزانرێت پێشتر سی پی تی چووەتە ئیمراڵی و ڕاپۆرتی ئامادە کردووە، بەڵام هێشتا ڕاپۆرتەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە. ئێمە ڕامانگەیاند، پێویستە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەگوێرەی یاساکانی تورکیا و یاسا نێونەتەوەییەکان کە تورکیا پشتگیری دەکات، چاوی بە بنەماڵە و پارێزەرانی بکەوێت".

هەروەها ڕایگەیاند تەوەرێکی تر، پرسی پێشێلکاری نێو زیندانەکانی تورکیا و پێشێلکاری مافەکان بووە، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ کۆچی گەنجان.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکاندا جەختکراوەتەوە لەسەر تێکۆشانی مەزن بۆ ئاشتی، چونکە جیهان پێویستی بە ئاشتییە، چارەسەری پرسی کورد پێویستی بە ڕێگەی ئاشتییانەیە، رۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا و قەفقاس و ڕوسیا و ئۆکرانیا و هەموو لایەکی جیهان پێویستی بە ئاشتییە.