ساڵێک پێش ئێستە، ناگیهان ئاکارسەل لەبەردەم ماڵەکەی لە سلێمانی کوژرا. لە ساڵیادی کوشتنی، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لەسێدارەدانی ئارەزوومەندانە یان دەرەوەی دادوەری گیهان ئیندراگوپتا بەڕێوەچوو.
تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە)، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و دەستپێشخەری دادپەروەری بۆ ناگیهان ئاکارسەل لەگەڵ ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە. شاندەکە نامەیەکی پێشکەش کرد کە واژۆی سەدان چالاکوان و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و نووسەری گرتەخۆ.
هاوسەرۆکی دامەزراوەی دانیال میتران و جێگری بەڕێوەبەر ئاگنێس گۆڵفیەر و چالاکوانی ناوەندی ژنۆلۆژی برۆکسل، سارا مارچا، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە)، سوڵتان شەفەق و ئۆزلەم ئۆزتورک لەنێو شاندەکەدا بوون.
شاندەکە دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ساڵێک بەسەر کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل تێدەپەڕێت و هیچ تاوانبارێک سزا نەدراوە. دووپاتیان کردەوە، لە ٥١ وڵات واژۆی ٣١٢ کەس و دامەزراوەیان کۆکردۆتەوە.
نامە بۆ ڕای گشتی
لە نامەکەدا داوا کراوە کە بەرپرسانی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو کوشتنە سیاسییەکان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
نامەکە بە سەدان واژۆوە بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و چارڵز میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و محەممەد شیاع ئەلسودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەنێردرێت.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ساڵێک لەمەوبەر لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەکادیمیست، ژنە نوسەر و ڕۆژنامەوان و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەکاتی جێهێشتنی ماڵەکەی لە سلێمانی کوژرا. لەوکاتەوە تا ئێستە، کەس سزا نەدراوە.
دەستپێشخەرییەکە ئاماژە بەوە دەکات، بکوژەکە لەکاتی هەڵاتن بۆ هەولێر دەستگیرکراوە و کەسێکە بە ناوی ئیسماعیل پێکەر خەڵکی تورکیایە. دەڵێت: "کونسوڵی عێراقی دەوڵەتی تورک، عەلی ڕەزا گونەی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە زمانێکی دیپلۆماسی دانی بەوەدانا کە بکوژەکە لەلایەن میتەوە ڕاسپێردراوە. نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ بەسزاگەیاندنی بکوژەکە و ئەو هێزانەی لە پشتیەوەن و ڕۆشنایی بخەنە سەر ئەم تاوانە نایاساییە".
ژنان بانگەوازیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەپەلە ڕۆڵ بگێڕن.
دەسپێشخەرییەکە داوا دەکات:
"*ئەوانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو کوشتنە سیاسییەکان دەبێت دادگایی بکرێن و بەسزا بگەن.
* ئاسمانی عێراق و سوریا بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکدا دابخرێت.
*دەبێت فشار بخرێتە سەر دەوڵەتی تورک تا تاوانە جەنگییەکانی ڕابگرێت.
* ئەردۆگان و حکومەتی ئاکەپە پێویستە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن لەسەر تاوانە جەنگییەکان و تاوانەکانیان دژی مرۆڤایەتی و ژنان و گەل".
لە زۆرێک لە شارەکاندا نامە دەدرێتە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
جگە لە ژنێڤ، نامە بۆ دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیروت، قامیشلۆ، مەخمور و ستراسبۆرگ دەنێردرێت.
جگە لەوەش، لە ٤ی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR) - بەشی هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی و تەکنیکی و بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، گوردیپ سەنگها، کۆبوونەوەیەک دەکرێت و هەمان نامەی ڕادەست دەکرێت.