شەهیدانی ١٤ ی تەمموز لە پاریس یادکرانەوە: گەریلاکانی ئازادی بە ڕۆحی کەمالەکان بەرخۆدان دەکەن

شەهیدانی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ ی تەمموز لە پاریس یادکرانەوە، زوبەیر ئایدار لە یادەکەدا داوای لە هەمووان کرد بە بەرپرسیارێتی ١٤ ی تەمموزەوە نزیکی هەڵمەتی ئازادی ببنەوە، سڵاوی لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان کرد کە بەم ڕۆحەوە بەرخۆدان دەکەن.

٤٢ هەمین ساڵیادی

لە گەڕەکی درانسی پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەبۆنەی ٤٢ هەمین ساڵیادی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ ی تەمموز چالاکییەکی یادکردنەوە ئەنجامدرا.

"پەدەکە کۆتایی خۆی ئامادە دەکات"

لە چالاکییەکەدا ئەندامی کەنەکە زوبەیر ئایدار ڕایگەیاند لکاندنی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان درێژکراوەی چەمکی قڕکردنی ١٠٠ ساڵەی دەوڵەتی تورکە، هەروەها تیشکی خستەسەر هاوکاری و خیانەتی پەدەکە لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.

ئایدار ئاماژەی بەوە کرد دەبێت بنەماڵەی بارزانی ئەوەیان لەبیربێت چۆن لەکاتی ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ ئەردۆگان بە گەمارۆدان و برسیکردن هەڕەشەی لە باشوور کرد، گوتی: "دەوڵەتی تورک تەنها کێشەی پەکەکە نییە، بەڵکو ئەم دەوڵەتە لەگەڵ هەموو گەلی کورد کێشەی هەیە. دەوڵەتی تورک تا قڕکردنی کورد جێبەجێ نەکات ناوەستێت. پەدەکە کە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات، کۆتایی خۆی ئامادە دەکات. وەکچۆن لە شەنگال و ڕۆژئاوا بەهاکانی گەلەکەمان پاراست، لە هەموو جێگەیەک بەهەمان شێوە دەپارێزین".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشانی لە پارچەیەکی کوردستان قەتیس نەکرد، بەڵکو چوار پارچەی کوردستانی گرتەوە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "کورستان چوار پارچە نییە، یەک وڵاتی ئێمە هەیە، ئەویش کوردستانە".

"گەریلا بە ڕۆحی ١٤ ی تەمموز بەرخۆدان دەکات"

ئایدار ڕایگەیاند گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە ڕۆحی ١٤ ی تەمموز بەرخۆدان دەکەن، گوتی: "گەریلا بە فیداکارییەکی مەزنەوە بەهاکانی گەلەکەمان دەپارێزن. پێویستە خاوەنداری لەم بەها مەزنانە بکەین. لێرەوە سڵاو لە گەریلا دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە پشتیوانی ئەوانین".

"ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین، لەگەڵ ئەودا ئازاد دەبین"

ئایدار تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "کاتێک دەڕوانینە مێژووی هەزاران ساڵەی گەلی کورد، هیچ ڕێبەرێک بەم شێوەیە گەلی کوردی بەئاگا نەهێناوە. ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ ئەمەیە. ئەمڕۆ مەزنترین ئەرکی ئێمە، ڕزگارکردنی ڕێبەرێتییە لەدەستی دوژمن. پێویستە هەموومان بەم بەرپرسیارێتییەوە نزیکی هەڵمەتی ئازادی ببینەوە. ئەمە بەرپرسیارێتی مێژووییە.

سڵاودەکەین لە رێبەر ئاپۆ و ئەو گەریلایانەی لە سەنگەرەکان بەرخۆدان دەکەن، دەڵێین: "ئەی ڕێبەر ئاپۆ، تۆ ڕزگار دەکەین، لەگەڵ تۆ ئازاد دەبین".

پاشان دایکی شەهیدان و گەل قسەیان کرد و چالاکیەکە کۆتایی هات.