شەقامێکی ڤیەنا ناودەنرێت ژینا ئەمینی

وەک هاوپشتییەک لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شارەوانی ڤیەنا ڕایگەیاند شەقامێکی شارەکان ناوناوە بە ژینا ئەمینی.

ڕاوێژکاری سەرۆکی شارەوانی ڤیەنا و ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی لە نەمسا، مارینا هانکی، باسی لەوە کرد، شەقامێکی شارەکە ناونراوە بە ژینا (مەهسا) ئەمینی، وەک پاڵپشتییەک بۆ شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

پارتی سۆسیال دیموکراتی و شارەوانی ڤیەنا، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشە جەماوەرییەکە، دووپاتکرایەوە «ئەمە یەکەمجارە لە جیهاندا، ناوی شەقامێک دەکرێت بە ژینا «مەهسا» ئەمینی بەشێوەیەکی هەمیشەیی، ئەمەش بەگوێرەی دەنگدانی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی».

جێگەی ئاماژەیە، پاش شۆڕشە جەماوەرییەکە بەهۆی تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی (٢٢ ساڵ)، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لەوانەش بەلژیکا و فەرەنسا و کەنەدا ناوی شوێن و شەقامەکانیان کرد بە ناوی کچە کورد ژینا ئەمینی‌یەوە، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەم شۆڕشە.

هەروەها ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆتاوا، ناوی شەقامی بەردەم کۆنسوڵخانەی پێشووی ئێرانی لە کەنەدا کرد بە «مەهسا ئەمینی»، وەک پاڵپشتییەک بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێران.

پێشتر ڕۆژنامەی «لیبراسیۆن»ـی فەرەنسی ڕایگەیاند، شارەوانی نوفل لوشاتو بڕیاریداوە بە لابردنی وێنەی دامەزرێنەری ڕژێمی ئێرانی، خومەینی، لەو ناوچەیە. 

پاش ئەوەی کچە کورد ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە پاساوی نەپۆشینی حیجاب لەلایەن «پۆلیسی ئاکار»ـی ئێرانییەوە کوژرا، بەو هۆیەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریهەڵدا و هێشتاش بەردەوامە، لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسی تر بەندکراون.

ف.ق