سەردانە دیپلۆماتیکەکانی کەنەکە لە هەولیر

شاندێک لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە بۆ ئەنجامدانی چەندین چاوپێکەوتن سەردانی شاری هەولێری پایتەختی کوردستانیان کردووە.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و دەڵێن، درێژە بەكاری هاوبەشی نێوانیان دەدەن، دەشیانەوێت پەرە بە ئەزموونی کاری هاوبەشیان بدەن و لایەنەکان لە دەوری یەک کۆبکەنەوە.

ئەمڕۆ لە بارەگای یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان لە شاری هەولێر، شاندێکی كۆنگرەیی نەتەوەیی كوردستان-کەنەکە، بەسەرۆكایەتی زەینەب موراد هاوسەرۆكی كەنەکە سەردانی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستانیان كرد و كۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانووسیدا كەریم بەحری ئەندامی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: باسمان لە بارودۆخی ئێستای كوردستان بە گشتی كرد، بەتایبەت ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی كوردستان و نەتەوەی كورد دەبنەوە، لەگەڵ كۆنگرەی نەتەوەیی هەنگاو و هەڵوێستمان لە یەكتری نزیكە و بە یەكەوە هەوڵی چارەسەری كێشەكانی نێوان پێكهاتە سیاسییەكانی كورد دەدەین بەتایبەتیش كێشە نەتەوەییەكان.

بەحری وتیشی: ئێمە كۆمیتەی هاوبەشمان هەیە و لە ڕابردوودا پێكەوە كارمان كردووە و دەستكەوتیشمان هەبووە، هەموو پرسێك كە پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردەوە هەبێت پێكەوە كاری لەسەر دەكەین و بەرژوەندییە نەتەوەییەكانمان دەپارێزین.

هەروەها زەینەب موراد هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان وتی، بارودۆخی نێوان پارتە سیاسییەكانی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، کە چۆن پەیوەندییەکان پەرەپێبدەین.

هاوسەرۆكی كەنەکە وتیشی، لەگەڵ یەكێتی پەرلەمانتاران ئەزمونێكیان هەیە، کە لە ڕابردوودا پێكەوە كاریان كردووە دەیانەوێت کاری باشتر بکەن و درێژە بە ئەزموونەکە بدەن، “لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی داهاتووی گەلی كورد پێكەوە بپارێزین و چارەسەری كێشەكانی گەلی كورد بكەین.

جێگای ئاماژەیە، شاندەکەی کەنەکە لە ئەورپاوە گەڕاونەتەوە باشووری کوردستان و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار ئەنجام بدەن، ئەوەش لە پێناو یەکڕیزی کورد بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان.

ک-ش