سەردانی کەنەکە و زەحمەتکێشان: یەکێتی دەتوانێت پێش لە هێڕشی داگیرکاری بگرێت

شاندی کەنەکە سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کورد . لەسەردانەکەدا وترا یەکێتی هێزە کوردییەکان دەتوانێت پێشگیری لە هێرشی داگیرکاری دوژمن بکات.

زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە و شاندی یاوەری، سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن بەڵێن عەبدوڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان و نیشتمان کەمال ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی و بەشێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەوە پێشوازییان لێکرا.کەنەکە و زەحمەتکێشان.

' یەکگرتنی هێزە سیاسییەکان دەتوانێت پیش لە داگیرکاری دەولەتی تورک بگرێت'

لەدوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا نیشتمان کەمال ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حیزبی زەحمەتکێشان وتی: ناکۆکییەکانی نێوماڵی کورد و لایەنە سیاسییەکان لە عێراقدا کاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، کەنەکەش ئەرکی یەک خستنی لایەنە سیاسییەکانی باشسوری کوردستان و چوارپارچەی لەسەر شانە، ئێمە وەک حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێمانوایە یەک دەنگی لایەنە سیاسییەکان دەتوانێت ڕێگربێت لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.

' مەترسی هەیە بۆیە کەوتنەتە چالاکی'

 

هەر لەو کۆنگرەیەدا، جەمال حاجی ئەندامی شاندی کەنەکە ئاماژەی بەوەدا، دووژمنانی گەلی کورد و دەوڵەتانی دراوسێ هاودەنگن لەسەر هێرش کردنە سەر گەلی کورد و کوردستان، ئێمە وەک کەنەکە هەستمان بەو مەترسیانە کردووە، کە ڕووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە هاتووینەتە باشووری کوردستان تا سەردانی لایەنەکان بکەین و یەک ڕیزی لایەنەکان و کۆدەنگییەک دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەدەستبهێنن و بتوانین ڕێگە لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بگرین.

 

 

کەنەکە دوێنێ لەگەڵ یەکێتی پەرلەمانتاران و کۆمەڵی ئیسلامیی کۆبووەوە، ئەمڕۆش لەگەڵ بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشان، بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەک  یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کورستان و یەکێتی سورەیای کلدانییەکان کۆببێتەوە.

 

ک-ش