سەرخۆشی موراد میرزا بە مەراسیمێک کۆتایی هات
خێمەی سەرەخۆشی ڕۆژنامەوان موراد میرزا ئیبراهیم لەبەردەم ماڵەکەیان لە شەنگال لە ڕۆژی سێیەمدا بە مەراسیمێک کۆتایی هات. لە مەراسیمەکەدا پەیامی مەزنکردنی تێکۆشان درا.
خێمەی سەرەخۆشی ڕۆژنامەوان موراد میرزا ئیبراهیم لەبەردەم ماڵەکەیان لە شەنگال لە ڕۆژی سێیەمدا بە مەراسیمێک کۆتایی هات. لە مەراسیمەکەدا پەیامی مەزنکردنی تێکۆشان درا.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژی ٨ ی تەمموز ئۆتۆمبیلی ڕۆژنامەوانانی چاپەمەنی ئازادی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێمی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا پەیامنێری چرا تیڤی مەدیا حەسەن کەمال، پەیامنێری چرا ئێف ئێم موراد میرزا ئیبراهیم، کارمەندی چاپەمەنی ئازاد خەڵەف خدر و ٣ کەسی مەدەنی برینداربوون. موراد میرزا ئیبراهیم لە ڕۆژی ١١ ی تەمموز بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە شەهیدبوو.
لەبەردەم ماڵی شەهید موراد لە شەنگال، خێمەی سەرەخۆشی دانرا لە ماوەی سێ ڕۆژدا هەزاران کەس لە هاوڵاتیان و بەپرسان لە شەنگال و باشووری کوردستان سەردانیان کرد، ڕۆژی سێیەمی سەرەخۆشییەکە بە مەراسیمێک کۆتایی هات.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، بنەماڵەکەی مۆمیان داگیرساند، برای شەهید موراد، فەیسەڵ سوپاسی خەڵکی شەنگالی کرد و ڕایگەیاند سەربەرزن بە شەهیدبوونی براکەیان، ئەو تەنها شەهیدی بنەماڵەکە نییە، بەڵکو شەهید ئێزیدخانە.
"لەسەر ڕێچکەی شەهیدەکانمان دەبین"
لەسەر ناوی ڕاگەیاندنی چاپەمەنی ئازاد، ڕۆژنامەوان ئیبراهیم ئێزدی سەرخۆشی لە بنامەڵەکەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد هەندێک کەس و لایەن ویستیان چەواشەکاری بکەن و ڕەوایەتی بە هێرشەکە بدەن، گوتی: "بەڵام هەمووان دەزانن دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەرگیز دەستی لەسەر جڤاکی ئێزدیمان هەڵنەگرتووە و هەردەم ویستویەتی قڕمان بکات. وەک چۆن باوباپیرانمان سەریان لەبەردەم دوژمن نەوی نەکرد، ئێمەش سەر نەوی ناکەین، لەسەر هێڵی شەهید نوژیان و شەهید ئاگر و شەهید موراد بەردەوام دەبین. هەرچیەک ببێت، دەست لەم دۆزە هەڵناگرین".
"دوژمن بەم هێرشانە ناتوانێت ئیرادەمان تەسلیم بکات"
ئیبراهیم داوای کرد ڕێگە نەدرێت کەس فریوی دوژمن بخوات، دوژمن دەیەوێت گەنجانمان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت و بیانکاتە خیانەتکار بەڵام دەبێت بزانین خیانەت لە ئایینی ئێزدی حەرامە، هەرکەس خیانەت بکات لەم ئایینە بەدەرە.
ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ، شەمێ ڕەمۆ گوتی: "ڕاستە ڕۆڵەکانمان دەکوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان تەسلیم بکەن. هەر ڕۆڵەیەکمان شەهید دەبێت، بەشێک لە گیانی ئێمە دەچێت، بەڵام ئێمە بەهێزتر دەبین، توانا و هاوپەیمانی ئێمە بەهێزتر دەبێت".
هەروەها ڕەمۆ ئاماژەی بەوە کرد ئەم هێرشە دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە ئەنجامدراوە، بە ئامانجی ڕێگری لە گەڕانەوەی گەل بۆ سەر خاکی خۆیان.
پەیامنێری چرا تیڤی مەدیا حەسەن کەمال کە لە هێرشەکە برینداربوو، پەیامێکی نارد، لە پەیامەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.