سەرۆکی کۆنگرەی سەندیکاکانی بەریتانیا: تێکۆشانی کوردان بەرز دەنرخێنم

سەرۆکی گشتی کۆنگرەی سەندیکاکانی بەریتانیا مات ڕاک لە فیستیڤاڵی شەهیدانی تۆلپودڵ، گوتی: "تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و دادپەروەری بەرزدەنرخێنم".

فیستیڤاڵی شەهیدانی تۆلپودڵ بە ڕێپێوانێکی شکۆدار بە بەشداری هەزاران کرێکار و ڕەنجدەر و کۆچبەر و ئیکۆلۆژیست و ئەندامی بزووتنەوەکان کۆتایی هات. سەدان هاوڵاتی کوردستان بەشداری دوایین ڕۆژی فیستیڤاڵەکە بوون. کوردستانیان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شانۆی فۆلکلۆری و درووشم مۆری خۆیان لە فیستیڤاڵەکە نەخشاند.

کوردستانیان لە لەندەن و ئێکستەر و لیڤەرپوول بەشداری فیستیڤاڵەکە بوون و تیشێرتی "ئازادی بۆ ئۆجالان"یان پۆشی و پانکارت و لافیتەیان پەیوەست بە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵگرت.

کوردستانیان گۆرانی کوردیان چڕی و کرێکارانی بەریتانی بە چەپڵە پشگیریان لە کوردان کرد.

ئەو سەندیکایانەی پشتگیری لە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن، نووسینی "ئازادی بۆ ئۆجالان"یان لای چەپی سینگیان هەڵواسی، کرێکاران لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی ئازادی و یەکسانیان بەرزکردەوە، گرووپە مۆسیقییەکان دیمەنێکی جوانیان بەخشی.

سەرۆکی گشتی کۆنگرەی سەندیکاکانی بەریتانیا کە ٤٨ سەندیکا لەخۆدەگرێت و نوێنەرایەتی ٥،٥ ملیۆن کرێکار دەکات، مات ڕاک سڵاوی لە بەشداری بەجۆشوخرۆشی کوردان کرد و گوتی: "ئەمڕۆ گەلی کورد بەشداری چالاکییەکە بوون. بەخێرهاتنیان دەکەم و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و دادپەروەری بەرزدەنرخێنم".

سڵاوەکەی ڕاک بۆ کوردان بە چەپڵە و درووشم پێشوازی لێ کرا.

پاشان گرووپە مۆسیقییەکان و هونەرمەندەکان هونەری خۆیان پێشکەش کرد، کوردەکان بەدەم دەهۆڵ و زوڕناوە هەڵپەڕکێیان کرد.