سی پی تی لەبارەی گۆشەگیرییەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەمانی دایەوە

بەهۆی بەرسیارێتییەکەی لەبەرامبەر گۆشەگیری رەها لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوام سی پی تی رووبەڕووی کاردانەوە دەبێتەوە. سی پی تی بۆ یەکەم جار وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و رایگەیاند کە گۆشەگیری مایەی قەبوڵکردن نییە، بەڵام باسی لە بەرپرسیارێتی خۆی نەکرد.

سەبارەت بە گۆشەگیریی ئیمراڵی، بۆ یەکەم جار سی پی تی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە، بەڵام دوو پرسیاری بێ وەڵام هێشتەوە..

سی پی تی کە قەبوڵی کرد رێگری سیستماتیک و بەردەوام لە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مایەی قەبوڵکردن نییە و بە روونی دژی ستاندەر و بنەما نێونەتەوەییەکانە، بڕیاریدا نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی خۆی بکات و تۆپەکەی هەڵدایە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورک.

سی پی تی سەرباری پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی زیندانیانی ئیمراڵی ١٥٩ کاتژمێر لە هەفتەدا دادەبڕێندرێن و گۆشەگیر دەکرێن، نەچووە ژێرباری ئەوەی دان بەو کردەوە نایاساییەدا بنێت. سەرەڕای نیگەرانییەکان، سی پی تی ئەوەی خستەڕوو "ئێمە دەتوانین هەرکات پێویست بکات سەردانی ئیمراڵی بکەین" لە هەمان کاتدا لەبارەی دابڕاندنی رەهاوە بەوە وەڵامی دایەوە کە "مامەمەڵەی خراپ و نەشیاو بوونی نییە".

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە دۆخی دژواری گۆشەگیریدا لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کراوە، ماوەی ٤٠ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە. رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە مافی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی بەتەواوەتی زەوت کراوە، لە دۆخی پچڕاندنی تەواوەتی پەیوەندییەکاندایە. دەوڵەتی تورک کە لە رێگەی ئەم گۆشەگیرییەوە هەم یاسا نێوخۆییەکان و هەمیش یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکانی وەک پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ رێگری لە ئەشکەنجە پێشێل کردووە کە هەر خۆیشی واژۆی کردوون، بۆ نکۆڵی لە پێشێلکاری ئەو مافە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لە رێگەی سەپاندنی سزای دیسپلینەوە پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، کە هیچ بنەمایەکی نییە.

کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) کە بەردەنگی راستەوخۆیە بۆ پرسی ئەشکەنجە و گۆشەگیری و مافی ئەوەی هەیە سەردانی ئیمراڵی بکات لەبەرامبەر پرسی پێشێلکردن یاسایی لە ئیمراڵی لە کەسایەتی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێدەنگی هەڵبژاردووە. لە بەرمبەر داواکاری چین و توێژە جیاجیاکان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لەبارەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی و بە تایبەتی پرسی رێگریی لە دیداری پارێزەران لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە جیهاندا هاوشێوەی ئەو رێگرییە نەبینراوە، سی پی تی یان وەڵامی ئەو داواکارییانە ناداتەوە، یان لە رێگەی دەربڕینی "لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆدەکەین" رەتیدەکاتەوە.

دەمانویست لەبارەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی کە ملیۆنان کەس بە تایبەتی گەلی کورد بە نیگەرانیەوە چاودێری دەکەن، لەگەڵ سی پی تیدا کە بەردەنگی بابەتەکەیە و رووی رەخنەکان لەوێیە، گفتوگۆ بکەین. داواکارییەکەمان بۆ چاوپێکەوتنی رووبەڕوو لە ٩ی تەمووزدا لەگەڵ هانس وۆڵف جێگری سەرۆکی سی پی تی، کە ئەندامی ئەو شاندەبووە کە لەدوایین سەردان بۆ ئیمراڵی بەشداربووە، یاخود هەر بەرپرسێکی دیکە رەتکرایەوە و پاساوەکەشی بریتی بوو لەوەی "کە تائێستا هیچ راپۆرتێک لەبارەی دوایین سەردان بۆ ئیمراڵی بڵاونەکراوەتەوە، هەربۆیە ناکرێت چاوپێکەوتنێکی لەو جۆرە ئەنجام بدرێت".

دواتر بە هۆی پێداگریی ئێمەوە قەبوڵیان کە بە شێوەی نوسراو وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، وەڵامی سی پی تی بۆ پرسیارەکان بڵاودەکەینەوە کە داواکرابوو بە ناوی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سی پی تی هۆگ چێتویندەوە بڵاوبکرێتەوە:

وەلامی باو و هەمیشەیی؛ دەوڵەت هیچ رەزامەندی  و مۆڵەتێکی دەرنەکردووە!

* سی پی تی کە دوایین جار لە ئەیلولی ٢٠٢٢ سەردانی ئیمراڵی کرد، ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە رەزامەندی تورکیا وەربگرێت تائێستا راپۆرتەکەی بڵاونەکردووەتەوە؟

رێککەوتنی دامەزراندنی سی پی تی لە سەر دوو پایە و بنەمای سەرەکییە: هاوکاری و نهێنی پارێزی. لە ئەنجامدا پەیماننامەکە رێگە بە سی پی تی دەدات کە تەنیا دوای رەزامەندی دەوڵەتی ئەندام راپۆرتەکە بڵاوبکاتەوە.

وەڵامی ئەوەی 'رەفتار و مامەڵەی خراپ لەئارادا نییە' بە پرسیاری نەبوونی پەیوەندی دراوەتەوە

*وەرنەگرتنی زانیاری لەبارەی زیندانیانی ئیمراڵی نیگەرانی قووڵی لێکەوتووەتەوە. ئایا سی پی تی لەسەر ئەم بابەتە کار دەکات؟

کۆمیتەکەمان لە گفتوگۆی بەردەوامە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا، بەڵام ئەم گفتوگۆیە بە نهێنی دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا گرنگە پشتڕاست بکرێتەوە وەک ساڵی ٢٠١٩ و سەردانەکانی پێشوو، شاندەکە هیچ جۆرە بانگەشە و داواکارییەکی لەبارەی بوونی مامەڵەی خراپی کاربەدەستانی زیندان لەگەڵ کەسانی دەستبەسەرکراو لە زیندانی ئیمراڵی بەدەست نەگەیشتووە. لەبەرامبەر سەردەم دەستبەسەرکراوان باسیان لەوەکردووە کە کارمەندانی زیندانی هەڵسوکەوتی گونجایان هەیە.

دەتوانن ئەگەر پێویست بکات سەردانی ئیمراڵی بکەنەوە

*ئایا سی پی تی بەنیازە لەئەگەری ئەوەی هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە ئیمراڵییەوە بەدەستی نەگات جارێکی دیکە سەردانی ئەو زیندانە بکاتەوە؟

سی پی تی ٩ جار لە ساڵەکانی ١٩٩٩، ٢٠٠١، ٢٠٠٣، ٢٠٠٧، ٢٠١٠، ٢٠١٣، ٢٠١٦، ٢٠١٩ و ٢٠٢٢ سەردانی تایبەتی بۆ ئیمراڵی ئەنجامداوە، ئەگەر بەپێویستی بزانێت رەنگە جارێکی دیکە بریاربداتەوە کە سەردانێکی نوێ بۆ ئیمراڵی ئەنجام بداتەوە.

ئێمە لە پەیوەندیداین!

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سێ بەندکراوی دیکەی ئیمرالی ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە سێ ساڵە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ زیندانیانی ئیمرالیدا نەگیراوە. ئایا سی پی تی لەم حاڵەتی ڕاگرتنی پەیوەندی بە شێوەی رەها، ئاگادارە؟ بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم دۆخەدا چی دەکات؟

سی پی تی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی لەوێ دەکات. جگە لە گفتوگۆەکانی ئەم ماوەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، سی پی تی بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیوەندیدایە.

لە هەفتەیەکدا ١٥٩ سەعات گۆشەگیر دەکرێن

ئایا زیندانیەکان لە ئیمرالی لە گۆشەگیری ڕەهادان؟

سی پی تی لە ڕاپۆرتی سەردانەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەموو دەستگیرکراوەکان زۆربەی کاتەکان لە ژووری تاکەکەسی ڕادەگیردرێن (واتە ١٥٩ سەعات لە کۆی ١٦٨ سەعات لە هەفتەیەکدا، لە گۆشەگیری دا ڕادەگیردرێن). بە بڕوای سی پی تی، دۆخێکی لەو شێوەیە جێگەی قبوڵکردن نییە.

وتی: ئەمە قبوڵکراو نییە، بەڵام تۆپەکەی هەڵدایە ناو گۆڕەپانی تورکیاوە

سی پی تی کە دژ بە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ تێکۆشان دەکات، دۆخی ئەو زیندانییانە چۆن دەبینێت کە ماوەیەکی زۆرە مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان لێ زەوت کراوە؟ ئایا ئەمە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان نییە؟

پرسی پەیوەندی زیندانیانی زیندانی ئێمرالی بە جیهانی دەرەوە، بەردەوام بابەتی گفتوگۆی چڕ و درێژخایەنی نێوان سی پی تی و دەسەڵاتدارانی تورکیا بووە. سی پی تی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسان زۆر جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامی ڕێگری لە سەردانی پارێزەران و ئەندامانی بنەماڵەکانی ڕەتکردووتەوە و ڕایگەیاندووە کە قبوڵکراو نییە و بە ڕوونی پێچەوانەی ڕێککەوتننامە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە کە کارپێ دەکرێت.

'ناتوانین زانیاری زۆر ڕابگەیەنین'

سی پی تی لە ڕاپۆرتەکانی پێشوویدا بۆ باشترکردنی بارودۆخی زیندانی ئیمرالی کۆمەڵێک ڕاسپاردەی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد. ئایا تورکیە ئەم ڕاسپاردانەی سی پی تی لەبەرچاو گرتووە؟

سی پی تی بە شێوەیەکی سیستماتیک داوا لە بەرپرسە نیشتمانییەکانی وڵاتانی ئەندام دەکات وەڵامی ئەو ڕاپۆرتە بدەنەوە کە بۆیان دەنێرێت. لە وڵامەکاندا پێویستە هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەری سەبارەت بەو پرسە بخرێتەڕوو. وڵامی حکومەتی تورکیا بۆ ئەو ڕاسپاردانەی لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩دا هاتووە، لە ماڵپەڕی کۆمیتەکەدا دەستدەکەوێت. جگە لەو زانیاریانەی لە وڵامی بەرپرسەکاندا هاتووە، هیچ زانیارییەکی دیکە بڵاوناکرێتەوە.

ئەو پرسیارانەی بێ وەڵام مانەوە...

پرسیارەکانمان سەبارەت بەوەی کە ئایا سی پی تی بە پشت بەستن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا، دەتوانێ لێدوانی ئاشکرا دژ بە کردەوە نایاساییەکانی ئیمرالی بڵاو بکاتەوە؟ ئایا ڕۆڵی کاراتر لە بارەی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەگێڕێت؟ ئەم پرسیارانە لەلایەن سی پی تی ـەوە بێ وەڵام مانەوە. پرسیارە بێ وەڵامەکانمان ئەمانە بوون:

سی پی تی لەم دواییانەدا لێدوانێکی ئاشکرای لە دژی ئازەربایجان داوە (بە پێی مادەی ١٠ بڕگەی ٢ی ڕێککەوتننامەکە) راگەیاندووە. ئایا بەنیازە هەمان لێدوان سەبارەت بە تورکیا بدات؟

بێ وڵام مایەوە...

مائورۆ پاڵما و مارک نۆڤێ، سەرۆکی پێشووی سی پی تی کە پێشتر چاوپێکەوتنمان لەگەڵیان کردووە و زۆرجار سەردانی ئیمرالییان کردووە، ڕایانگەیاند کە ئیمرالی شوێنێکی گونجاو نییە بۆ زیندان و پێویستە سی پی تی ڕۆڵێکی کاراتر لە بەرامبەر مەرجەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بگێڕێت. ئایا زیندانی دوورگەی ئیمرالی کە زۆرجار پارێزەران بە هۆکاری جیاواز لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ مۆەکیلەکانیان قەدەغە دەکرێن، بەگوێرەی سی پی تی شوێنێکی گونجاوە؟ ئایا سی پی تی بە نیازە سەبارەت بە بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی چالاکتر بنوێنێت؟

بێ وڵام مایەوە...