سیاسەتمەدارانی عێراق: پێویستە پەکەکە لە لیستی قەدەغەدا دەربهێنرێت

سیاسەتمەدارانی عێراق ڕایانگەیاند، پەکەکە بەرگری لە دۆزی کورد دەکات و وتیان: "پەکەکە لە دژی سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی کورد تێدەکۆشێت و دەبێت لە لیستی قەدەغەکرادا دەربهێنرێت".

هەوڵەکان بۆ لابردنی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 'لیستی تیرۆر' دا لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوامە. کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە لە ٣٠ وڵاتی جیهان بۆ لابردنی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

پشتگیریش بۆ هەڵمەتەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. شرۆڤەکاری سیاسی عێراق کازم حاج ڕایگەیاند، لە راستیدا دەوڵەتی تورک و وڵاتانی تر هەوڵ دەدەن ناسنامەی کورد لەناوببەن و بیسڕنەوە، بەڵام نازانن کورد مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لەناوچەکەدا.

"دەبێت ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت"

کازم حاج تیشکی خستە سەر دۆزی ڕەوای پەکەکە و وتی: "ماوەی چەندین ساڵە پەکەکە بۆ پاراستن، پرس و داواکاریی گەلی کورد تێدەکۆشێت. پێویستە وڵاتانی جیهان ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنن. جێگای شەرمەزارییە، کە پەکەکە لە ئێستادا لە لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکاندایە".

"پەکەکە خاوەنی بیر و رامانە"

شرۆڤەکارێکی دیکەی سیاسیی عێرق بە ناوی وال ڕیکابی بۆچوونی خۆی لەسەر هەمان پرس خستەڕوو. ڕیکابی سەرەتا بەرخۆدانی پەکەکەی لە بەرامبەر سەروەری خاکی عێراق لە هێرشە تیرۆریستییەکانی تورکیا بەرزنرخاند و وتی: "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سیستەمێکی فیکری هەیە. باوەڕی بەئازادیی فیکر و یەکسانی و پاراستنی مافەکان هەیە. دانانی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا ناچێتە مێشکی هیچ کەسێکەوە".

ڕیکابی لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر فیکر و ڕێبازەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی فیکرەکانییەوە داوای دیموکراسی و ئاشتی و پاراستنی گەلی کورد دەکات، بۆیە پێویستە میدیای عەرەبی مەزڵومیەتی کوردان ببینن و کاریشی لەسەر بکەن. دەبێت پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت".

ژ.ت