تەجەشە و تێکۆژن بانگەواز دەکەن بۆ دەنگدان

بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆژن) بانگەواز دەکەن بۆ دەنگدان بە کلیچدار ئۆغلۆ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

ڕۆژی چوارشەممە، بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆژن)، لەڕێگەی ڕاگەیاندراوێکی نوسراوەوە، بانگەواز لە گەنجان دەکەن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا دەنگ بدەن.

ڕاگەیاندراوەکە دەڵێت: «ئاشکرایە ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنی مەزن و مێژووی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ گەنجان و گەلەکەمان»، ئاماژە بەوە دەکات، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی تورکیادا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دوا دەخرێت گەڕی دووەم. 

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: «بێگومان ئەمە گرنگە، گەلی کورد خاوەنی ئەم سەرکەوتنەن، سەرەڕای هەموو فرتوفێڵەکان، ئاشکرایە هێڵی تێکۆشانی ئازادی لەم قۆناغەدا هێزی یەکلاکەرەوەیە».

سەرنەکەوت... ئیتر کاتی بەزاندنە

ڕاگەیاندراوەکە دەڵێت: «فاشیزم سەرنەکەوت و چووە گەڕی دووەم، پێویستە تێکۆشان و بەرخۆدان لە هەموو گۆڕەپانەکان مەزنتر بکەین، پێویستە لە گەڕی دووەم هەموو گەنجان هەڵمەت بکەن و ماڵ بە ماڵ بگەڕێن، تێبکۆشن لەپێناو کەوتنی فاشیزم. وەکچۆن نەمانهێشت فاشیزم لەم هەڵبژاردنە براوە بێت، ئێستە ئیتر کاتی بەزاندن و لەناوبردنی فاشیزمە».

هەردوو بزووتنەوە لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە گەنجان دەکەن، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ٢٨ ی ئایار، هەڵمەتێکی گەشتی بکەن.

هـ . ب