تەمەلی: هەڵگرتنی گۆشەگیری بابەتێکی گرنگە

سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی سەزای تەمەلی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمان گوتی: "هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی بابەتێکی گرنگە".

سەرۆک فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەزای تەمەلی لە پەرلەمان دەربارەی پێشهاتەکان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی و گوتی هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و فەراهەمکردنی هەلومەرجی کارکردن بابەتێکی گرنگە.

تەمەلی ڕایگەیاند دەم پارتی بۆ چارەسەر ئامادەیە و پەرلەمان ناونیشانێکی گرنگە بۆ چارەسەر، هەروەها دەبێت پارتە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمانیش کار بۆ ئەم پرسە بکەن.

تەمەلی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر سیاسەتی قەیوم، گوتی: "ئەم سیاسەتە تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری دەکاتەوە و ڕێگە بۆ لەناوچوون خۆش دەکات".