تەمەلی: کاتی گۆڕانە، با بچینە دەنگدان

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، سەزای تەمەلی، لەگەڵ گەلی ئەستەنبوڵ دوا و گوتی: «کاتی گۆڕانە. هەرکەس نەچێت دەنگ بدات، بەشدار دەبێت لەم زوڵم و خراپەکارییە».

پارتی چەپی سەوز لە ئارناڤوکتوی، لە گۆڕەپانی کۆمار، وەک بەشێک لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ڕێکخست. لە کۆبوونەوەکدا درووشمەکانی «ماف، یاسا، دادپەروەری» و «بە یەکبوون سەردەکەوین» و «بژی بەرخۆدانی زیندان» و «ژن، ژیان، ئازادی» بەرزکرایەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی پارتەکە و پەرلەمەنتاری پارتی چەپی سەوز لە موش، سەزای تەمەلی و ژمارەیەک هاوڵاتی بەشداربوون. پاشان هەڵپەڕکێ و گۆرانی پێشکەشکران.

«ئەوانەی دەنگیان نەداوە، بچن دەنگ بدەن»

سەزای تەمەلی باسی لەوە کرد، ئەوان لەپێناو ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن، گوتی: «هەرچییەک بکەن، ئەم گەلە بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات. لە هەڵبژاردنی ١٤ ی ئایار، فێڵ و ساختەکاریی جیاوازیان کرد. لێپرسینەوە لەوە دەکەین. بەڵام نەگەیشتنە ئامانجە سەرەکییەکەیان. ئەم گەلە وەکچۆن لە گەڕی یەکەم ڕێگەی لێ گرتن، بەهەمان شێوە سبەی ڕێگە لەم ڕژێمە فاشیست و نەژادپەرستە دەگرێت. ئەوانەی دەنگیان نەداوە، پێویستە بچن دەنگ بدەن».

«ئێستە کاتی گۆڕانە»

تەمەلی ئاماژەی بەوە کرد، لە دەنگدانەکەی سبەی لێپرسینەوە دەکرێت لەسەر ئەو قڕکردن و ستەمەی دژی گەل ئەنجامدراوە، لەکۆتایی قسەکانی گوتی: «ئێستە کاتی گۆڕانە. هەرکەس ڕوونەکاتە سندوقەکانی دەنگدان دەبێتە هاوبەشی ئەم زوڵم و خراپەکارییە. بیرتان نەچێت، چارەنووسی ئەم خاکە و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەستی ئێوەدایە. پێکەوە چارەنووسی ئەم وڵاتە جوانە و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕین».

ف.ق